هێزی بەرگریی ئیسرائیل بۆ هاووڵاتییان: وێنە و ڤیدیۆی شوێنە بۆردوومانکراوەکان بڵاو نەکەنەوە
هێزی بەرگریی ئیسرائیل هۆشداری دا کە نابێت شوێنە بۆردومانکراوەکانی وڵاتەکەی بڵاو بکرێتەوە، چونکە ئێران چاودێری تۆڕە کۆمەڵاتییەکان دەکات، ئەمەش هاوکارییان دەکات ئامانجەکەیان بە دروستی پبێکن.
دووشەممە 16ـی حوزەیرانی 2025، هێزی بەرگریی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی هۆشداری بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، نابێت هیچ وێنەیەک، ڤیدیۆ و زانیاری لەبارەی ئەو شوێنانەی مووشەکەکانی ئێران بۆردومانی دەکات لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان بڵاو بکەنەوە.
ڕوونیشی کردووەتەوە، هێزەکانی دووژمن چاودێری تۆڕە کۆمەڵاتییەکان دەکەن، ئەمەش هاوکاری ئەوان دەکات شوێنە گرنگەکان دەست نیشان بکەن و دروستر ئامانجەکەیان بپێکن.
هاوکات ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیلی لەسەر زاری ئەفسەرێکی پۆلیسی وڵاتەکەی بڵاوی کردووەتەوە، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ لابردنی تیمە میدیاییە نێودەوڵەتییەکان دەستپێکردووە کە گرتەی ڕاستەوخۆی مووشەکەکانیان لە ناوچەی حەیفا پەخش کردووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ئێران هەشتەمین زنجیرە هێرشی مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل، کە بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، مووشەکەکانی ئێران سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیلیان تێپەڕاندووە و وێستگە و پاڵاوگەی حەیفای لە باکووری ئیسرائیل پێکاوە.
لای خۆشیەوە ڕێکخراوی فریاگوزاری ئیسرائیل MDA)) بڵاوی کردووەتەوە، بەهۆی هێرشەکانی ئێران 29 کەس گەیەندراونەتە نەخۆشخانە کە سێینا برینەکەیان سەختە.