پزیشکیان داوای یەکڕیزی لە بەرپرسانی وڵاتەکەی لەبەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل دەکات

مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2025، داوای لە هەموو بەرپرسانی وڵاتە کەی کرد، ناکۆکیەکانیان وەلا بنێن و لە بەرامبەر هێرشی بەردەوامی ئیسرائیل کە چوار ڕۆژە بەردەوامە، یەکگرتوو بن.

سەرۆکی ئێران، لە وتارێکدا بۆ ئەنجوومەنی شورا گوتی: پێویستە ئەمڕۆ هەموو ناکۆکییەک، پرسێک، یان کێشەیەک کە هەبووە بخرێتە لایەک و دەبێت بە یەکگرتوویی ڕووبەڕووی ئەم دەستدرێژییە جینۆساید و تاوانکارییە ببینەوە".

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاڕاستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و، چەندان باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون