لە بەسرە بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و ئێران نرخی خۆراک بەرزبووەتەوە

بەهۆی گرژییەکانی ئیسرائیل و ئێران، عێراق یەکێک دەبێت لەو وڵاتانەی زۆرترین کاریگەری لەسەر دەبێت، ئەگەر لە ڕووی سەربازیشەوە نەبێت ئەوە لە ڕووی ئابورییەوەیە، چونکە بۆ دابینکردنی زۆرینەی پێداویستییەکانی ڕۆژانەی پشت بە ئێران دەبەستێت.
هاووڵاتییەکی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "گومانی تێدانییە، شەڕی ئیسرائیل و ئێران، کاریگەری لەسەر هەموو ناوچەکە دەبێت، بەتایبەتی شوێنێکی وەکو بەسڕە کە نزیکە لە ئێرانەوە، بەو هۆیەوە لە ئێستاوە نرخی بەرهەمە خۆراکییەکان و میوە بەرزبووەتەوە و زیاتریش بەرز دەبێتەوە، لە وڵاتانی کەنداویش نرخی شتومەک بەرزبووەتەوە."
هاووڵاتییەکی دیکە دەڵێت: بەسڕە زۆرترین کاریگەری ئەم شەڕەی لەسەرە، چونکە ئێمە لە سنوورەوە نزیکین، گەر سنوور دابخرێت نرخەکان بەرزدەبنەوە، هەژار پارەی نییە شتومەکی ڕۆژانە بکڕێت. هەرچەندە عێراق خۆی بێ دەسەڵاتە و لەدەرەوەی بازنەیە، بەڵام مووشەک بەسەریدا دەڕوات و کاریگەری ئەم مووشەکانەشی لەسەرە، ئەگەر وابڕوات ئابوورییەکەمان شکست دەهێنێت، چونکە هەموو شتێکمان لە ئێرانەوەیە.
یوسف حوسێن، بازرگان ڕایگەیاند "بێگومان ترس لە شەڕ هەیە، سەیری شەقامەکان بکە، کەسی لێ نییە، لە دوێنیوە نرخەکان بەرزبوونەتەوە بەتایبەتی نرخی ماست و دۆ، لەگەڵ ئەو بەرهەمانەی سەرچاوەکانیان ئێرانە. خەڵک لەشەڕ دەترسن، دواتریش دۆخی ئابووریی وڵاتە ئەوەندە باش نییە، بەرگەی بەرز و نزمی دیکە بگرێت، وەکو بارزگانەکان تێبینی ئەوەمان کردووە، گەر شتێک پێش هەفتەیەک بە هەزار دینار بووبێت ئێستا بووە بە دوو هەزار، ئەمەش بەهۆی ترسی خەڵکەوە.
هاوردەکردنی بەرهەمی خۆراک و سەوزەواتی ئێرانی بۆ بەسڕە لە چەند ڕۆژی رابردوودا ڕاگیراون، ئەوەش بەهۆی پەرەسەندنە ئەمنییەکانەوە، چاودێرانیش پێشبینی دەکەن عێراق لەبەردەم شەپۆلێکی بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک بێت، بەهۆی لاوازی چاودێری حکوومەتەوە.