دوو ئەستێرەی بێنفیكا لە رێگەی كوردستان24ـەوە هەڕەشە دەكەن
لەبارەی چوونی كارێراس بۆ ریال مەدرید وەڵامی كوردستان24 دەدەنەوە
لە دووەمین رۆژی مۆندیالی یانەكان، لە یاریی لوتكەدا، بۆكاجۆنیۆرز و بێنفیكای پۆرتوگالی رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە، ڤانگلێس پاڤلدێس هێرشبەری بێنفیكا لە لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 رایگەیاند ئەركیان بۆ ئەو یارییە قورسە و دەشڵێت: ئێمە كەوتووینەتە قورسترین گرووپ.
ئەمڕۆ دووشەممە، لە قۆناغی كۆمەڵەكانی مۆندیالی 2025ـی یانەكان، لە كاتژمێر 10:00ـی ئەمشەو، یانەی چێڵسی ئینگلیزی و لۆس ئانجلس گاڵاكسی ئەمریكی رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.
لە یارییەكی دیكەیشدا، بۆكاجۆنیۆرز و بێنفیكا لە هارد رۆك تایبەت بە یانەی ئینتەر مەیامی لە كاتژمێر: 01:00ـی ئەمشەو بەیەك دەگەن.
ڤانگلیس چی بە كوردستان24 گوت؟
نێردراوی كوردستان24 لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی یاریزانانی بێنفیكا ئامادە بوو، ڤانگلیس پاڤلدێس هێرشبەری ناوداری یانەی بێنفیكا كە لە چامپیۆنزلیگی وەرزی رابردوو هاتریكی لە دژی بارسێلۆنا تۆمار كرد، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 رایگەیاند هەستێكی خۆشی هەیە كاتێك بەرامبەر دیماریای هاوڕێی یاریی دەكات كە ئێستا پەیوەندی بە بۆكاجۆنیۆرز كردووە.
ڤانگلیس گوتیشی: ئێمە لەگەڵ هاوڕێیەکانم دەزانین ئەم یارییە بەهێزو قورسە، بۆکا تیپیکی بەهێزو ناوەزەی هەیە، دڵخۆشم كە دەبینم بۆ ئەم یارییەش دیماریا لەگەڵ ئێمەیە، بەوپێیەی لە دوای مۆندیالی یانەكان دەگەڕێتەوە یانەی رۆزاریۆی ئارجێنتینا، یەکەم یاریی پاڵەوانییەتیەکە قورسە بەتایبەت یاریکردن بەرامبەر بۆکاجۆنیۆرز لە یاریگایەکی گەورەی وەک هارد رۆک، سەرنجراکێش دەبێت.
ڤانگلیس هێمای بۆ ئەوەش كرد کۆمەڵەکەی ئەوان قورسە بەتایبەتی بەهۆی هەبوونی بایرن میونشن كە تیێکی گەورەیە و یەکەم یاری بە ئەنجامێكی گەورە بردووەتەوە، دەشڵێت: لەگەڵ هاوڕێیەکانم بەمتمانەوە یاری دەکەین و دەمانەوێت ئەنجامی گەورە لەو پاڵەوانێتییە بەدەست بهێنین.
سێلڤا بۆ كوردستان24: نازانم كارێراس دەچێتە ریال مەدرید یان نا
ئانتۆنیۆ سێلڤا ئەستێرەی یانەی بێنفیكا لە بەرسیڤێكی كوردستان24 لەبارەی چارەنووسی كارێراس كە بە ریال مەدریدەوە گرێدراوە، رایگەیاند کارێراس ئێستا یاریزانی ئەوانە و بیر لەیارییەکانی ئەم پاڵەوانییەتیەکە دەکاتەوە؟
ئانتۆنیۆ سێلڤا لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی بۆكا، دەڵێت: دەزانین بۆکا یانەیەکی بەهێزە و میژوویەکی گەورەیان هەیە، ئەوان دەیان یاریزانی گەورەیان پێگەیاندووە و لە یانە گەورەکانی ئەوروپا یاریی دەكەن، زۆر گرنگە بتوانین ئەم یارییە ببەینەوە، ئەمە یاری تۆپی پێیە هەرلایەک دەیەوێت ئەنجامەکە بەدڵی ئەو تەواو بێت، یانەکانی ئەم کۆمەڵەیە سەرجەمیان بەهێزن، بێنفیکا، بۆکا و بایرن، دەکرێ هەر ئەنجامێک رووبدات.