ئەردۆغان بۆ پزیشکیان: تورکیا توانای هەیە ڕۆڵی نێوەندگیری لە دانوستانە ئەتۆمییەکان بگێڕێت

سەرۆکایەتی تورکیا ئەمڕۆ دووشەمە، 16ـی حوزەیرانی 2025، ڕایگەیاند، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا پەیوەندی بە هاوتا ئێرانییەکەی کردووە.

سەرۆکایەتی تورکیا ڕاشیگەیاندووە "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا بە هاوتا ئێرانییەکەی مەسعوود پزیشکیان، ڕاگەیاندووە، تورکیا توانای ئەوەی هەیە ڕۆڵی نێوەندگیری لە دانوستانە ئەتۆمییەکان بگێڕێت."

سەرۆکایەتی تورکیا دەشڵێت: سەرۆکی تورکیا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، باسی ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران، پرسە ناوچەیی و جیهانییەکان کردووە.

ڕاشیگەیاندووە "سەرۆکی تورکیا زنجیرەیەک پەیوەندی لەگەڵ سەرکردەکان جیهان سەبارەت بە پرۆسەی ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێران کردووە و تورکیا ئامادەیە ڕۆڵی ئاسانکاری بۆ کۆتایی هاتنی دەستبەجێی ململانێکان و گەڕانەوە بۆ دانوستانە ئەتۆمییەکان بگێڕێت." هەروەها تیشکی خستووەتە سەر ئەو گرنگییەی کە تورکیا بە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە دەیبەخشێت.