ڕووسیا: کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ ئەمەریکا دواخرا

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی داهاتوویان لەگەڵ ئەمەریکا بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

دووشەممە 16ـی حوزەیرانی 2025، ماریا زاخاڕۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، کۆبوونەوەی داهاتوویان لە چوارچێوەی ڕاوێژکاری دوولایەنە بۆ نەهێشتنی گرژییەکان و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانییان دواخرا.

هەروەها باسی لەوەش کردووە، ئەو کۆبوونەوەیە لەسەر دەستپێشخەری ئەمەریکابووە، هیواشی خواست بە زووترین کات کۆبوونەوەکە بکرێت.

هاوکات گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەکەیان نە خستووەتە ڕوو.

ئەمەش لە کاتێک دایە، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بەشێوەیەکی کتوپڕ هێرشی کردە سەر دامەزراوە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنی "هەستانەوەی شێر"ـی ڕاگەیاند.

هاوکات ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل، ئەپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆی 3"ـی ڕاگەیاند، کە تاوەکوو ئێستا چەندین جار هێرشی مووشەکی و درۆنی کردووتە سەر ئیسرائیل. 

هەروەها لە پەیوەندییە تەلەفۆنەکەی نێوان پوتن و ترەمپ، سەرۆکی ڕووسیا ئامادەی خۆی بۆ نێوەنگیری نێوان ئیسرائیل و ئێران پیشان دا.