وەرزشی ئێران بەهۆی جەنگی ئیسرائیل چی بەسەر دێت

وەرزشی ئێران
وەرزشی ئێران

چەند رۆژێکە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران، سەرجەم چاڵاکیە وەرزشیەکانی ئێران وەستاون و دەنگۆیەکیش هەیە، یاریزانە پیشەگەرەکانی یانەکانی ئەم وڵاتە، هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانیان دەکەن و ئامادەنین جارێکی دیکە بگەڕێنەوە ئەم وڵاتە.

ژمارەیەکی زۆر لە یاریزانی پیشەگەر لە وڵاتی ئێران یاری دەکەن، بە تایبەت یانەکانی تۆپی پێ ئەو وڵاتە چەندان یاریزانی پیشەگەر و بیانی یارییان بۆ دەکەن، بەڵام بەهۆی ئەو جەنگەی لە نێوان ئێران و ئیسرائیل دروستبووە، بەشێکی زۆر لە یاریزانەکان ئامادەنین جارێکی دیکە بگەڕێنەوە ئەو وڵاتە.

رەسول باختەر شارەزای یاسایی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فارس نیوزی ئێرانی رایگەیاندووە، بەگوێرەی یاسای بەندی 27 لە فێدراسیۆنی تۆپی پێ جیهان '' فیفا '' لەم کاتەدا هیچ یاریزانێکی پێشەگەر بۆی نیە گرێبەستەکەی هەڵوەشێنێتەوە، هەر یاریزانێکیش بەبێ رەزامەندی یانەکەی ئەم کارە بکات، ئەو کاتە رووبەڕووی سزایەکی قورس دەبێتەوە.

ئەو شارەزایەی یاسا دەشڵێت، یاریزانە پیشەگەرەکان تەنها لە حاڵەتێکدا دەتوانن گرێبەستەکانیان هەڵوەشێننەوە، ئەگەر بێتو دوو رۆژ دوای تۆمار کردنی گرێبەستەکانیان، جەنگێکی قورس و گەورە رووبدات، بە پێچەوانەوە ئەگەر ماوەیەکی زۆر لە گرێبەستەکەی مابێت، ئەو کاتە ناتوانن بە هیچ شێوەیەک گرێبەستەکانیان هەڵوەشێننەوە.

خولە نێوخۆییەکانی ئێران ماوەیەکە کۆتاییان هاتووە و چەند مانگێک بۆ دەستپێکردنی وەرزی نوێ ماوە، بۆیە تاوەکو ئێستا فێدراسیۆنە جیاوازەکانی ئێران هیچ بڕیارێکیان لەبارەی وەرزی نوێ نەداوە، هەروەها چەند رۆژێک پێش هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران، فێدراسیۆنی تۆپی پێ ئێران وادەی دەستپێکردنی وەرزی نوێی خولی نایابی وڵاتەکەی راگەیاند و تاوەکو ئێستاش هیچ قسەیەک لەسەر دواخستنی نەدراوە.