ترەمپ: ئێران جەنگەکە ناباتەوە

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەگەر ئێران گفتوگۆی دەوێت، ئەوە ئێستا کاتێکی باشە، چونکە جەنگەکە ناباتەوە.

دووشەممە 16ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵ ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کەنەدا لەبارەی ناکۆکییەکانی ئیسرائیل و ئێران ڕایگەیاند، ئێران جەنگەکە ناباتەوە، بۆیە دەبێت دەست بە گفتوگۆ بکەن بەر لەوەی زۆر دوا بکەوێت. 

گوتیشی: پەیامی ئێرانم لەلایەن وڵاتانی نێوەندگیر پێگەشتووە کە دەیانوێت گفتوگۆ بکەن و ناکۆکییەکان پەرەنەسێنێت. باسی لەوەش کرد، ئەگەر ئێران گفتوگۆی دەوێت، ئەوە ئێستا کاتێکی باشە.

دووپاتیشی کردەوە، کە لە پشتگیریکردنی ئسیرائیل بەردەوامن و تاوەکوو ئێستاش زۆر بە باشی پشتگیریان کردووە.

هەروەها دووبارە دۆناڵد ترەمپ ڕەتی کردووە لێدوان لەبارەی دەستێوەردانی واشنتن لە ناکۆکییەکانی ئیسرائیل و ئێران بدات.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە کۆشکی سپی بەر لەوەی بۆ کۆبوونەوەی گرووپی حەوت لە کەنەدا بەڕێ بکەوێت لەبارەی ناکۆکییەکانی ئیسرائیل و ئێران قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد و گوتی: پێم وایە ئێستا کاتی ڕێککەوتنە هیوادارم ئێران و ئیسرائیل ڕێکبکەون، بەڵام هەندێک جار بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن دەبێت بجەنگیت.

هەروەها ئاماژەشی دابوو، ئەمەریکا لە پشتگیری کردنی ئیسرائیل بۆ بەرگری کردن لەخۆی بەردەوام دەبێت.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بەشێوەیەکی کتوپڕ هێرشی کردە سەر دامەزراوە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنی "هەستانەوەی شێر"ـی ڕاگەیاند.

هاوکات ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل، ئەپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆی 3"ـی ڕاگەیاند، کە تاوەکوو ئێستا چەندین جار هێرشی مووشەکی و درۆنی کردووتە سەر ئیسرائیل.