سوپای ئێران بۆ کەناڵە میدیایەکانی ئیسرائیل: باڵەخانەکانتان چۆڵ بکەن

سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداری داوەتە کەناڵ 14 و 12 ئیسرائیلی، کە باڵەخانەکانیان چۆڵ بکەن، بەرلەوەی هێرشیان بکرێتە سەر.

دووشەمەی 16ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم ڕایگەیاند، سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداری داوەتە خەڵکی ئیسرائیل بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان شاری تەلئەڤیڤ چۆڵ بکەن.

هەروەها هۆشداریشی داوەتە، کەناڵ 14 و 12 ژمارەیەک کەناڵی دیکەی ئیسرائیلی، کە باڵەخانەکانیان چۆڵ بکەن، بەهۆی ئەوەی هێرشیان دەکرێتە سەر.

هاوکات بەگوێرەی میدیایە ئیسرائیلەکان، کارمەندانی کەناڵ 12 و 14 دەستییان بە چۆڵکردنی باڵە خانەکان کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ دووشەممە، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ژمارەیەک باڵەخانە تەلەڤزیۆن و ڕادیۆییەکانی ئێران.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بەشێوەیەکی کتوپڕ هێرشی کردە سەر دامەزراوە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنی "هەستانەوەی شێر"ـی ڕاگەیاند.

هاوکات ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل، ئەپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆی 3"ـی ڕاگەیاند، کە تاوەکوو ئێستا چەندین جار هێرشی مووشەکی و درۆنی کردووتە سەر ئیسرائیل.