ناتانیاهۆ: بەریتانیا و فەرەنسا ئامادەنە یارمەتیمان بدەن

سەرۆک وەزیری ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئێران دەیەوێت دانوستان بکرێت، بۆ ئەوەی لەسەر پلانەکانیان بۆ گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی بەردەوام بێت، گوتیشی، ئەمەریکا، بەریتانیا و فەرەنسا ئامادەنە هاوکاریمان بکەن.

دووشەمەی 16ـی حوزەیرانی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیری ئیسرائیل، لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لام سەیر نەبوو کە ئێران داوای دانوستان دەکات، چونکە ئەوان دەیانەوێت لەسەر پلانەکانیان بەردەوام بن. گوتیشی: لە دانوستانەکان سێ ئەنجامم دەوێت، لەناوبردنی بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکی تاران و نەهێشتنی تیرۆر.

لەبارەی هاوکارییەکانی ئەمەریکا ئاماژەی دا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا یارمەتیمان دەدات، پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەیە، دوێنێ قسەمان کرد، ئەمەریکا لە بەرگری کردن لە خۆمان هاوکاریمان دەکات، چونکە ترەمپ ئەوەی بۆ وڵاتەکەی باشە دەیکات.

لەسەر هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتەکەی باسی لەوە کرد، تاوەکوو ئێستا سەدان مووشەکی ئێرانمان بەرپەرچداوەتەوە و ژمارەیەکی زۆری سەکۆی مووشەک هاوێژمان تێک شکاندووە، هەروەها نیوەی درۆنەکانی ئەو وڵاتەمان خستووەتە خوارەوە.

ناتانیاهۆ گوتیشی: ئیسرائیل ئاسمانی ئێرانی کۆنترۆڵ کردووە، هەموو هەوڵێک دەدین بۆ ئەوەی دامەزراوە ئەتۆمی فەردۆ وێران بکەین.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەوەشی خستە ڕوو، لەگەڵ سەرکردەکانی فەرەنسا و بەریتانیا قسەی کردووە و ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاری کردنی ئیسرائیل پیشانداوە.

هەروەها ئاماژەشی دا، لە ڕووحی هاووڵاتییەکانمان هەست بەوە دەکەم کە لە سەرکەتن نزیکین.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بەشێوەیەکی کتوپڕ هێرشی کردە سەر دامەزراوە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنی "هەستانەوەی شێر"ـی ڕاگەیاند.

هاوکات ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل، ئەپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆی 3"ـی ڕاگەیاند، کە تاوەکوو ئێستا چەندین جار هێرشی مووشەکی و درۆنی کردووتە سەر ئیسرائیل.