مارک کیمیت: ناتانیاهۆ سەلماندی گوێ بە ئامۆژگارییەکانی ترەمپ نادات

ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی حوزەیرانی 2025، مارک کیمیت، جێگری پێشووتری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمەریکا و ئێران دەکرا لە دانووستانەکانیان بەردەوام بوونایە، بەڵام ئاشکرا بوو ئێرانییەکان تەنیا کاتییان بە فیڕۆ دەدا.

جێگری پێشووتری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەڵێت: لە کاتی دانووستانەکاندا، ئێران ناوەندێکی دیکەی پیتاندنی یۆرانیۆمیان ڕاگەیاند، هەر بۆیە ئیسرائیل بڕیاری خۆی دا. ڕاستە ئیسرائیل ئەمەریکای لە هێرشەکان بۆ سەر ئێران ئاگادار کردبووەوە، بەڵام ناتانیاهۆ ئەوەی سەلماند گوێ بە ئامۆژگارییەکانی سەرۆک ترەمپ نادات. چونکە ئەو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلە و نایەوێت ببێتە پاشکۆی ئەمەریکا. بەڵکو ئەوە دەکات لە بەرژەوەندی و سوودی خەڵکی ئیسرائیلە.

مارک کیمیت، ڕاشیگەیاند "سەرۆک ترەمپ سەرەتا دانووستانی هەڵبژارد، ئەگەر زانی دانووستان سەر ناگرێت، هەڵمەتی زۆرترین فشاری ئابووری دەخستە سەر ئێران، ئەگەر ئەوەش شکستی هێنا، ئەو کات هێزی سەربازی دژی ئێران بەکار دەهێنا. بەڵام ناتانیاهۆ بەو شێویە بیری نەکردەوە، ئەو پێی وابوو دانووستان و دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران هیچ سوودێکی نییە."

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بەشێوەیەکی کتوپڕ هێرشی کردە سەر دامەزراوە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنی "هەستانەوەی شێر"ـی ڕاگەیاند.

لای خۆیەوە ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل، ئەپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆی 3"ـی ڕاگەیاند.

 

 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment