سوپای ئیسرائیل: هێرشێکی بەرفراوانمان کردووەتە سەر پێگە سەربازییەکانی ئێران

 ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو هێرشێکی بەرفراوانمان کردە سەر پێگە سەربازییەکان لە ڕۆژئاوای ئێران.

سوپای ئیسرائیل گوتیشی: ئێمە شوێنی هەڵگرتن و  هەڵدانی مووشەکەکانی ئێرانمان بۆمباران کرد و لە ناومان برد.

هەروەها سوپای ئیسیرائل ڕاشیگەیاند "بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە لە بەرزاییەکانی باشووری جۆلان بینرا، ڕێگریمان لێ کرد و خستمانە خوارەوە."

سوپای ئیسرائیل دەشڵێت: شەوی ڕابردوو ئێران شەش مووشەکی بەرەو ئیسرائیل هەڵدا و پێنج مووشەکیان ڕێگری لێ کرا و شەشەمیشیان لە ناوچەیەکی کراوە لە نەقەب کەوتووەتە خوارەوە.

لای خۆیەوە کەناڵی 12ـی ئیسرائیل لە زاری سەرچاوەیەکی سوپاوە بڵاوی کردەوە، ئێران لە 15 هێرشدا، 380 مووشەکی بالیستیکی گرتووەتە ئیسرائیل.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بەشێوەیەکی کتوپڕ هێرشی کردە سەر دامەزراوە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنی "هەستانەوەی شێر"ـی ڕاگەیاند.

 ئێرانی لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل، ئەپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆی 3"ـی ڕاگەیاند.