ترەمپ: ڕەنگە ویتکۆڤ یان ڤانس بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران ڕابسپێرم
سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتی دەکاتەوە، ئیسرائیلییەکان هێرشە توندەکانیان بۆ سەر ئێران کەم ناکەنەوە. دەشڵێت: ڕەنگە ویتکۆڤ، یان ڤانس بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران ڕابسپێرم.
سێشەممە، 17-06-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتی گەڕانەوەی لە کۆبوونەوەی گرووپی7 لە کەنەدا بەرەو واشنتن، بە ماڵپەڕی "سی بی ئێس"ـی ئەمەریکی ڕاگەیاند "پێویستە لە کۆشکی سپی بم نەک لە کەنەدا، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاودێریی ڕووداوەکان بکەم نەک لە ڕێگەی مۆبایلەوە."
لەبارەی داواکارییەکەی بۆ چۆڵکردنی تاران، سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: ئیسرائیلییەکان هێرشە توندەکانیان بۆ سەر ئێران کەم ناکەنەوە. کاتێک داوای چۆڵکردنی تارانیشم کرد، سەلامەتی خەڵکم دەویست، بۆیە ئەو داوایەم کرد." باسی لەوەش کرد، هیچ بەڵگە و ئاماژەیەکیان پێ نەگەیشتووە، کە کۆریای باکوور و ڕووسیا هاوکاریی ئێرانیان لە شەڕەکەدا کردبێت.
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش دا، ڕەنگە ستیڤ وێتکۆڤ، نێردەی تایبەتی خۆی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان جەی دی ڤانس، جێگرەکەی بۆ دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی تاران، لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، ڕاسپێرێت. وەکوو خۆی گوتی: ئێران زۆر نزیکە لەوەی ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
لەبارەی ئەوەی هەڵوێستیان چی دەبێت ئەگەر ئێران پەلاماری بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدات. ترەمپ دووپاتی کردەوە "ئێرانیش زۆر باش دەزانێت کە نابێت هێرش بکاتە سەر سەربازەکانمان لە ناوچەکەدا."
گەڕانەوەی ترەمپ لە G7
سێشەممە، 17-06-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆبوونەوەی گرووپی حەوت (G7)ـی لە کەنەدا بەجێ هێشت و ڕایگەیاند، بۆ کارێکی زۆر پێویست و گرنگ دەبێت بگەڕێتەوە واشنتن.
میدیاکانی ئەمەریکا بڵاویان کردووەتەوە، ترەمپ داوای لە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا کردووە بۆ کۆبوونەوەیەکی بە پەلە، لە کۆشکی سپی ئامادە بن.
میدیاکانی ئەمەریکا باسیان لەوەش کردووە، لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی ترەمپ، بڕیار دەدرێت ئاخود ئەمەریکا بەشداریی شەڕی ئێران و ئیسرائیل دەکات یان نا.
ئەم ئەنجوومەنە، لە وەزیری بەرگری و وەزیری دەرەوە و بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی و ڕاوێژکاری باڵای ئاسایشی نیشتمانی سەرۆک پێک دێت و ئەرکیان ڕاوێژکردنە بە ترەمپ سەبارەت بە بڕیارەکان بۆ بە پرسەکانی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوە.
ترەمپ: ماکرۆن نازانێت بۆچی گەڕاومەتەوە واشنتن
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'تروس سۆشیاڵ' نووسیویەتی "ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کە حەزی لە خۆدەرخستنە، هەڵەی کرد کاتێک گوتی، کۆبوونەوەی گرووپی7ـم بەجێ هێشتووە تا بگەڕێمەوە واشنتن و کار لەسەر ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران بکەم. بەدڵنیاییەوە وا نییە."
سەرۆکی ئەمەریکا، لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا باسی لەوە کردووە "ئەو، واتە ماکرۆن، نازانێت من بۆچی دەگەڕێمەوە واشنتن، گومانی تێدا نییە هیچ پەیوەندییەکی بە ئاگربەستەوە نییە. بابەتەکە زۆر لەوە گەورەترە. بەمەبەست بێت یان نا، ئیمانوێل هەمیشە هەڵە دەکات."