ئاژانسی هەواڵی تەسنیم: هێزە ئەمنییەکان سیخوڕێکی مۆسادیان دەستگیر کرد
ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران بڵاوی کردەوە، هێزە ئەمنییەکانی ئێران، سیخوڕێکی مۆسادیان دەستگیر کردووە کە لە ناوخۆی ئێراندا تەقەمەنی دروست کردووە.
سێشەممە، 17ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردەوە، هێزە ئەمنییەکانی ئێران سیخوڕێکی مۆسادی ئیسرائیلییان دەستگیر کردووە کە چالاکانە، لە ناوخۆی ئێراندا تەقەمەنی دروست کردووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، هێزە ئەمنییەکان لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی ئەمنیدا شوێنێکیان بۆ دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تەقەمەنی لە پارێزگای ئیسفەهان دۆزیوەتەوە.
پێشتر هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەرداگرتنی شوێنێکی نهێنی سێ نهۆمییان لە شاری 'ڕەی' دۆزیبووەوە کە زیاتر لە 200 کیلۆگرام کەرەستەی تەقینەوەیان تێدا بووە، لەگەڵ چەندان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ و کەرەستەی دروستکردنی ئەو درۆنانە.