ستارمەر: ڕاگەیەندراوی G7 بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانە
سێشەممە 17ـی حوزەیرانی 2025، کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیری بەریتانیا ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەی G7 هیچ پێشنیازێکی لەبارەی شەڕی ئیسرائیل و ئێران نەکردووە.
ڕوونیشی کردەوە، ڕاگەیەندراوی G7 لە دژی هیچ لایەنێک نییە، بەڵکوو بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانە.
دوای کۆبوونەوەی G7، وڵاتانی ئەندام لە گرووپەکە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردبووە و تێیدا ئاماژەیان دابوو، ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگریی لە خۆی بکات و پاڵپشتییان بۆ ئاسایشی ئەو وڵاتە دووپات کردەوە.
هەروەها خوازیاریی کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کرد، لە نێویاندا ئاگربەست لە غەززە.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بەشێوەیەکی کتوپڕ هێرشی کردە سەر دامەزراوە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنی "هەستانەوەی شێر"ـی ڕاگەیاند.
لای خۆیەوە ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل، ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆی 3"ـی ڕاگەیاند.