ترەمپ: ئاسمانی ئێرانمان کۆنترۆڵ کردووە

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، چەکی هیچ وڵاتێک لە چەکی ئەمەریکا باشتر نییە، بۆیە ئاسمانی ئێرانمان کۆنترۆڵ کردووە.

سێشەممە 17ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس نووسیویەتی: ئێستا ئاسمانی ئێرانمان بە تەواوی کۆنترۆڵ کردووە.

ئاماژەشی داوە، ئێران چەکی پێویست و باشی هەیە بۆ ئەوەی بەرگریی لە ئاسمانی وڵاتەکەی بکات، بەڵام بە هیچ شێوەیەک بە چەک و بەرهەمەکانی ئەمەریکا بەراوەرد ناکرێت. دووپاتیشی کردەوە، چەکی هیچ وڵاتێک لە ئەمەریکا باشتر نییە.

دووشەممە 16ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵ ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کەنەدا لەبارەی ناکۆکییەکانی ئیسرائیل و ئێران ڕایگەیاندبوو، ئێران جەنگەکە ناباتەوە، بۆیە دەبێت دەست بە گفتوگۆ بکەن بەر لەوەی زۆر دوا بکەوێت.

دووپاتیشی کردبووە، کە لە پشتگیریکردنی ئسیرائیل بەردەوامن و تاوەکوو ئێستاش زۆر بە باشی پشتگیریان کردووە.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بەشێوەیەکی کتوپڕ هێرشی کردە سەر دامەزراوە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنی "هەستانەوەی شێر"ـی ڕاگەیاند.

لای خۆیەوە ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل، ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆی 3"ـی ڕاگەیاند.