بەقایی: پێویستە G7 واز لە لایەنگیری بێنێت

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، دەبێت G7 واز لە لایەنگیری بێنێت و ڕووبەڕووی ئەو لایەنە ببێتەوە کە دەستدریژی کردووە.

سێشەممە 17ـی حوزەیرانی 2025، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: لە ڕاگەیەندراوەکەی سەرکردەکانی G7 بە شێوەیەکی ئاشکرا دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلیان بۆ دامەزراوە ئاشتییە ئەتۆمییەکانی ئێران و بە ئامانجگرتنی باڵەخانە نیشتەجێبوونەکان و کوشتنی خەڵکی مەدەنی پشتگوێ خست.

ئاماژەشی داوە، وڵاتانی ئەندام لە G7 بە تایبەت سێ ئەندامە هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان (ئەمەریکا، بەریتانیا و فەرەنسا) دەبێ بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی خۆیان لە بەرانبەر کردەوە دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل پیشان بدەن.

بەقایی باسی لەوەش کردووە، شەڕی ئیسرائیل دژی ئێران پێشێلکارییەکی جددییە بۆ یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و نێودەوڵەتییەکان.

ڕاشیگەیاندووە، بۆ گەیشتن بە سەقامگیری ناوچەیی دەبێت ئیسرائیل دەستبەجێ دەستدرێژییەکانی ڕابگرێت و لێپرسینەوە لەگەڵ بکرێت.

جەختیشی کردووەتەوە، پێویستە G7 واز لە لایەنگیری بێنێت و ڕووبەڕووی ئەو لایەنە ببێتەوە کە گرژییەکانی دروست کردووە.

هەر ئەمڕۆ سێشەممە، کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیری بەریتانیا ڕایگەیاند، ڕاگەیەندراوی G7 لە دژی هیچ لایەنێک نییە، بەڵکوو بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانە.

دوای کۆبوونەوەی  G7، وڵاتانی ئەندام لە گرووپەکە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردبووە و تێیدا ئاماژەیان دابوو، ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگریی لە خۆی بکات و پاڵپشتییان بۆ ئاسایشی ئەو وڵاتە دووپات کردەوە.

هەروەها خوازیاریی کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کرد، لە نێویاندا ئاگربەست لە غەززە.