کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا کۆتایی هات
سێشەممە 17ـی حوزەیرانی 2025، تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن لەسەر زاری بەرپرسێکی کۆشکی سپی بڵاوی کردووەتەوە، کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا بە ئامادەبوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆتایی هات.
هەروەها ئاماژەشی داوە، کۆبوونەوەکە زیاتر لە کاتژمێرێکی خەیاندووە.
باسی لەوەش کردووە، ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ بیر لەوە دەکاتەوە بەشداریی هێرشەکانی ئیسرائیل لە بەرانبەر ئێران بکات.
دۆناڵد ترەمپ، بۆ بەشداریی کردن لە کۆبوونەوەکە لە واشنتن، ڕۆژێک زووتر لوتکەی G7 لە کەنەدا بەجێهێشت.
پێشتر یەکیل لایتەر باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمەریکا بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاندبوو، ئیسرائیل داوای لە ئەمەریکا کردووە تەنیا لە بەرگریی کردن لە خۆی هاوکارییان بکات.
هاوکات هەر ئەمڕۆ سێشەممە سی ئێن ئێن لە سەر زاری دوو سەرچاوەی نزیک لە کۆشکی سپی ڕاگەیاندووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزی ئەمەریکا زیاتر لە 30 تانکەری سووتەمەنی ئاسمانی ئامادە کردووە، لە ئەگەری بڕیاری ترەمپ بۆ هاوکاری کردنی سوپای ئیسرائیل بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل.