وەزارەتی دەرەوەی ئێران: پێشوازی لە ڕاگەیەنراوی وەزیرانی دەرەوەی ئەنجوومەنی هاریکاری وڵاتانی کەنداو دەکەین

وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: پێویستە ڕێککاری بەپەلە بەرانبەر هێرشەکانی ئیسرائیل بگرێتەبەر و پێشوازی لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی هاریکاری وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کەنداو دەکەین.
سێشەممە، 17ـی حوزەیرانی 2025، ئیسماعیل بەقایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی میهری ڕاگەیاندووە: پێشوازی لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەی نائاسایی وەزیرانی دەرەوەی ئەنجوومەنی هاریکاری وڵاتانی کەنداو دەکەم، کە دەستدرێژی ئیسرائیل بۆ سەر ئێرانیان بە پێشلکاریی بۆ سەر یەکپارچی ئێران و پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە قەڵەم دا.
بەقایی ئەمەشی گوتووە: کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی هاریکاری وڵاتانی کەنداو، گوزارشت لە تێگەیشتنی هاوبەشی وڵاتانی ناوچەکە دەکات دەربارەی هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و پێشلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، پێویستی بە گرتنەبەری ڕێککاری بەپەلە هەیە لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانی بۆ ڕاگرتنی ئەو شەڕەی بەسەر مان سەپێنراوە.