زەنگی ئاگادارکردنەوە لە چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل لێدرا
فەرماندەیی بەرەی ناوخۆی ئیسرائیل، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ـی حوزەیرانی 23025، ڕایگەیاند "لە دەیان شوێنی جەلیل زەنگی ئاگادارکەرەوەکان لێ دراون بەهۆی دزەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان."
لای خۆیەوە ئاژانسی هەواڵی تەسنیم ئەمڕۆ چوارشەممە، بڵاوی کردەوە، وڵاتەکە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆیی 3"، گەڕێکی دیکەی هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێ کردەوە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە دا، ئێران 20 مووشەکی بە ئاراستەی شار و ناوچەکانی ئیسرائیل هەڵداوە. دەستەی پەخشی ئیسرائیلیش دەڵێت: ئێستا زەنگی ئاگادارکردنەوە لە وڵاتەکە لێ دەدرێت و داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت بچنە نێو پەناگەکانیان و خۆیان حەشار بدەن، بۆ مەبەستی سەلامەتی گیانیان.
کەناڵی 12ـی ئیسرائیل، بڵاوی کردەوە، دەنگی چەند تەقینەوەیەکی گەورە لە تەلئەڤیڤ بیستراون.
ئەمەش لە کاتێکدایە درەنگانی شەوی ڕابردوو، ئیمان تاجیک، گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنەکانی بەڵێنی ڕاستگۆیی 3، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بەوە دابوو، ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پاسداران بە شێوەیەکی ورد و بەرنامە بۆ داڕێژراو لە چەند لایەنێک و قۆناغ بە قۆناغ بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوام دەبن.