سوپای ئیسرائیل: بە 50 فڕۆکەی جەنگی هێرشمان کردە سەر ئێران
ئەمڕۆ چوارشەممە،18ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "شەوی ڕابردوو هێزەکان هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی بەرهەمهێنانی سەنتەرفیوژ و چەند شوێنێکی بەرهەمهێنانی چەکی ئێران."
گوتیشی: زیاتر لە 50 فڕۆکەی جەنگی هێزی ئاسمانی نێودەوڵەتی بە ڕێنمایی وردی هەواڵگری لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا زنجیرەیەک هێرشیان بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی ناوچەی تاران کردووە.
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە؛ لە چوارچێوەی هەوڵە چڕەکان بۆ لەناوبردنی بەرنامەی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی ئێران، هێرش کرایە سەر شوێنی بەرهەمهێنانی سەنتەرفیوژ لە تاران. کە ئامانج ڕژێمی ئێران ئەوە بووە بوار و ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بە مەبەستی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی فراوانتر بکات.
هەروەها گوتیشی: ڕێژیمی ئێران خەریکی پیتاندنی یۆرانیۆمە کە مەبەست لێی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمییە. پێویستە ئەوە بگوترێت، پەرەپێدانی ئەتۆمی بۆ بەکارهێنانی مەدەنی پێویستی بە پیتاندنی تا ئەو ئاستانە نییە.
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە لە کاتی شەپۆلی هێرشەکاندا هێرش کرایە سەر چەند شوێنێکی بەرهەمهێنانی چەک لە تاران.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت: لە نێو ئەو کارگانەی چەک کە هێرشیان کراوەتە سەر، شوێنێکی بەرهەمهێنانی کەرەستەی خاو و پێکهاتەکانی پێویست بۆ کۆکردنەوەی مووشەکی سەرزەوی و سەکۆی مووشەکی ئێران هەبووە کە بە ئاراستەی ئیسرائیل هەڵیداوە و بەردەوامە. دەشڵێت: ئەم ئامانجانە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ زیانگەیاندن بە بەرنامەی چەکی ئەتۆمی و پیشەسازی بەرهەمهێنانی مووشەکی ڕێژیمی ئێران بۆمباران کران.