ژمارەی قوربانییانی ئێران بۆ نزیکەی دوو هەزار کەس بەرزبووەوە
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ئیسرائیل هێرشێکی چری کردە سەر پایتەختی ئێران؛ گرووپێکی مافی مرۆڤیش ڕایگەیاندووە، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل هەزار و 911 کەس بوونەتە قوربانی.
چوارشەممە 18ـی حوزایەرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێیتد پرێس لەسەر زاری گرووپێکی چالاکوانانی مافی مرۆڤ، بڵاوی کردووەتەوە، لە ئەنجامی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران 585 کەس کوژراون، کە 239 کەسیان هاووڵاتی مەدەنین و 126 کەسی دیکەیان سەربازی وڵاتن.
ئاماژەشی داوە، هەزار و 326 کەسی دیکەش لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل برینداربوونە.
هەرچەندە تاوەکوو ئێستا ئێران بە فەرمی ژمارەی قوربانییانی بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام میدیاکانی ئێران ڕۆژی دووشەممە بڵاویان کردبووە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران 224 کەس کوژراون و هەزار و 277 کەسی دیکەش برینداربوونە.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندبوو "شەوی ڕابردوو هێزەکان هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی بەرهەمهێنانی سەنتەرفیوژ و چەند شوێنێکی بەرهەمهێنانی چەکی ئێران."
ئاماژەشی داوە، زیاتر لە 50 فڕۆکەی جەنگی هێزی ئاسمانی نێودەوڵەتی بە ڕێنمایی وردی هەواڵگری لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا زنجیرەیەک هێرشیان بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی ناوچەی تاران کردووە.