پەیامی گوماناوی ئیسرائیلییەکان دەترسێنێت
هاووڵاتییانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند "پەیوەندی تەلەفۆنی و کورتەنامەی گوماناوییان پێگەیشتووە و داوایان لێدەکەن بەدوای پەناگەدا نەگەڕێن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئێران بۆ شەشەمین ڕۆژی لەسەریەک تەلڤەبیڤ و شارەکانی ئیسرائیلی بۆمباران دەکات."
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو کورتەنامە و پەیوەندییە وایکردووە فەرماندەیی بەرەی ناوخۆی ئیسرائیل لە ڕێگەی میدیاکانەوە قسە لەگەڵ ئیسرائیلییەکان بکات بۆ کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێیان.
"سۆنۆل" ناوی یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی سووتەمەنی ئیسرائیلە لە پێشەنگی گەڕانی گووگڵدا بووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنی ترسی ئیسرائیل لە کاردانەوەی هێرشە دووبارەکانی ئێران بۆ سەر کۆمپانیاکانی وزە، وەک ئەوەی لەم هەفتەیەدا لە حەیفا ڕوویدا.
ئێران لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ئەمڕۆ چوارشەممە، هێرشی مووشەکی نوێی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و ئیسرائیلیش تارانی بۆمباران کرد. هەردوولا هۆشدارییان بە دانیشتوانی یەکتر تاران و تەلئەڤیڤ داوە.
ترسی ئیسرائیل زیاتر بووە لەوەی خاکەکەیان بۆمباران بکرێت، بەتایبەت کە تاران دووپاتی کردەوە، خاوەنی مووشەکێکە کە توانای چوونە ناو سیستەمی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلی هەیە.
کەناڵی 12ی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، خەمڵاندنە سەربازییەکانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن، ئێران هێشتا خاوەنی نزیکەی 1800 مووشەکی بالیستییە.
کەناڵەکە ڕوونی کردەوە، ئێران لە سەرەتای شەڕەوە تا ئێستا بە نزیکەی 400 مووشەکی بالیستی 17 هێرشی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردووە.
ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لە زاری هەڵسەنگاندنێکی هەواڵگریی ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە بڵاوی کردووەتەوە، ئیسرائیل دەتوانێت بۆ ماوەی 12 ڕۆژ بەبێ پشتیوانی ئەمەریکا مووشەکەکان ڕابگرێت.