وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئیسرائیل مەترسی نەمانی مووشەکی لە 'گومبەزی ئاسنی' لەسەرە
بەرپرسێکی ئەمەریکی ئاشکرای کرد، ئیسرائیل مەترسی نەمانی مووشەکی لە 'گومبەزی ئاسنی' لەسەرە، توێژەرێکی پرۆژەی بەرگریی مووشەکیش دەڵێت: پێویستە ئیسرائیل هەرچی زووە ئەم شەڕە لەگەڵ ئێران یەکڵا بکاتەوە، چونکە ناتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەردەوام بێت.
چوارشەممە 17ـی حوزەیرانی 2025، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لەسەر زاری بەرپرسێکی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، ئیسرائیل خەریکە مووشەکی پێویستی لە 'گومبەزی ئاسنی' بۆ بەرپەرچ دانەوەی مووشەکەکانی ئێران نامێنێت.
ئەو سەرچاوەیە ئەمەریکییە ئاماژەشی داوە، ئەمەریکا چەند مانگێکە ئاگاداری ئەو بابەتەیە، بۆیە لە بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی ئیسرائیل و دابینکردنی مووشەک بۆ ئەو وڵاتە بەردەوام بووە.
ڕۆژنامەکە ڕاشیگەیاندووە، لە سەرەتای دروستبوونی گرژییەکان لەگەڵ ئێران، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا لە دابینکردنی هاوکاری بەرگریی بۆ ئیسرائیل بەردەوام بووە، ئێستاش لە نێو ئەمەریکا نیگەرانی هەیە کە ئەو وڵاتەش مووشەکی پێویستی بۆ هاوکاری کردنی ئیسرائیل نەماوە.
تۆم کاراکۆ، بەڕێوەبەری پرۆژەی بەرگریی مووشەکی لە سەنتەری لێکۆڵینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان لەو بارەیەوە دەڵێت: "نە ئەمەریکا و نە ئیسرائیل ناتوانن بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە بەرپەرچ دانەوە و بەرگریکردن بەردەوامبن، بۆیە ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی دەبێت بە خێرایی مامەڵە بکەن و ئەو شەڕە یەکلا بکەنەوە.
هەروەها هەر ئەمڕۆ بەرپرسانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندبوو، لە ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئێران زیاتر لە 440 مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئێران لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستگۆیی 3"، نزیکەی 30 مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد.
درەنگانی شەوی ڕابردوو، ئیمان تاجیک، گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنەکانی بەڵێنی ڕاستگۆیی 3، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بەوە دابوو، ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پاسداران بە شێوەیەکی ورد و بەرنامە بۆ داڕێژراو لە چەند لایەنێک و قۆناغ بە قۆناغ بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوام دەبن.