ئێران لە سەرەتای جەنگەوە 400 مووشەکی گرتووەتە ئیسرائیل

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئێران زیاتر لە 400 مووشەکی گرتووەتە وڵاتەکەی و لە ئەنجامدا 824 کەس بوونەتە قوربانی.

چوارشەممە 18ـی حوزەیرانی 2025، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، لە ڕۆژی هەینی لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە ئێران زیاتر لە 400 مووشەک و سەدان درۆنی گرتووەتە ئیسرائیل.

ئاماژەشی داوە، مووشەکەکانی ئێران 40 شوێنیان بۆردومان کردووە، زیانێکی زۆری بە باڵەخانە و سامانی هاووڵاتییان گەیاندووە.

هەروەها باسی لەوەش کردووە، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتەکەی 24 کەس کوژراون و 800 کەسی دیکەش بریندابوونە، هاوکات نزیکەی سێ هەزار و 800 کەس شوێنەکانی خۆیان بەجێ هێشتووە.

بە گوێرەی بەرپرسانی ئێران، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل لەسەرەتای جەنگەوە 224 کەس لە ئێران کوژراون.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بەشێوەیەکی کتوپڕ هێرشی کردە سەر دامەزراوە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنی "هەستانەوەی شێر"ـی ڕاگەیاند.

 ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل، ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆی 3"ـی ڕاگەیاند.