بەریتانیا کەسوکاری کارمەندانی باڵیۆزخانە و کونسۆڵخانەکەی گەڕاندووەتەوە وڵاتەکەی
نووسینگەی کاروباری دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند، بەهۆی بارودۆخی ئەمنیی، کەسوکاری کارمەندانی باڵیۆزخانە و کونسۆڵخانەکەی لە ئیسرائیلەوە گەڕاندووەتەوە وڵاتەکەی.
چوارشەممە 18ـی حوزەیرانی 2025، نووسینگەی کاروباری دەرەوەی بەریتانیا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، کەسوکاری کارمەندانی کۆنسۆڵخانەکەیان لە ئوورشەلیم و باڵیۆزخانەکەیان لە تەلئەڤیڤ بۆ ماوەیەکی کاتی ئیسرائیلیان بەجێ هێشێت.
باسی لەوەش کردووە، کۆنسۆڵخانە و باڵیۆزخانە لە کار و خزمەتگوزارییەکانیان بەردەوام دەبن.
پێشتر ئەمەریکاش کۆنسوڵخانە و باڵیۆزخانەکەی لە ئیسرائیل داخست، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندبووە کە لەم دۆخەدا ناتوانن کارمەندەکانیان بگوزانەوە یان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ هاوکاریان بکەن.
هەروەها باڵیۆزخانەی چینیش لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ویچات' هۆشدارییەکی بڵاو کردبووە و تێیدا ڕایگەیاندبوو "نوێنەرایەتیی فەرمیی چین لە ئیسرائیل، داوا لە هاووڵاتییانی چینی دەکات بە زووترین کات لە ڕێگەی وشکانییەوە ئیسرائیل بەجێ بهێڵن، بە مەرجێک بتوانن گەرەنتی سەلامەتیی خۆیان بکەن.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بەشێوەیەکی کتوپڕ هێرشی کردە سەر دامەزراوە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنی "هەستانەوەی شێر"ـی ڕاگەیاند.
ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل، ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆی 3"ـی ڕاگەیاند.