عراقچی: هیچ شاندێکمان بۆ عوممان نەناردووە

وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕەتی دەکاتەوە هیچ شاندێکی دانوستانکاریان بۆ عوممان ناردبێت.
چوارشەممە 18ـی حوزەیرانی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا، ڕایگەیاند: من بە سەرۆکایەتی شاندێکی دانوستانکار، تارانم جێ نەهێشتووە.
دەشڵێت: هیچ شاندێکی دانوستانکاریشمان بۆ عوممان نەناردووە، ئەو هەواڵانەی لەو بارەیەوە بڵاو کراونەتەوە ڕاست نین.
هەروەها ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، لە زاری ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بڵاوی کردەوە، ئەو هەواڵەی کە ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە لەبارەی چوونی شاندی دانوستانکاری ئێران، بۆ عوممان ڕاست نییە.
هەر ئەمڕۆ، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاوی کردەوە، کەمێک لەمەوبەر شاندێکی دانوستانکاری ئێران، گەیشتە مەسقەت.
تا ئێستا پێنج گەڕی دانوستانی ئەتۆمی لەنێوان شاندەکانی ئەمەریکا و ئێران بەڕێوە چووە، لە کاتێکدا بڕیاڕ بوو یەکشەمەی ڕابردوو 15ـی حوزەیرانی 2025، گەڕی شەشەمی دانوستان لە نێوانیاندا بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، وڵاتەکە بەشداریکردنی لە دانوستانە ئەتۆمییەکە هەڵپەسارد.