ئیسرائیل: 60 فڕۆکەی جەنگی و 20 پێگەی گرنگی سەربازییمان لە تاران لەناو بردووە

سوپای ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانیان  شوێنەکانی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمییان لە تاران بۆمباران کردووە.

سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام بڵاوی کردەوە، لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا 60 فڕۆکەی شەڕکەر و زیاتر لە 20  پێگەی سەربازییان بۆمباران کردووە، لەوانە شوێنەکانی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی و شوێنەکانی بەرهەمهێنانی موشەکی لە تاران.

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە؛ هێرشەکان شوێنەکانی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی، کارگەکانی بەرهەمهێنانی سەنتەرفیوج و شوێنەکانی لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی پەیوەست بە پرۆژەی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی ڕێژیمی ئێران بۆمباران کردووە.

دەشڵێت: ئێمە ئەو کارگانەمان بۆمباران کرد، کە کەرەستەی خاو و پێکهاتەکان بۆ دروستکردنی مووشەک بەرهەم دەهێنن، هەروەها پێگەکانی بەرهەمهێنانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئێرانمان لەناو برد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختی لەوەش کردەوە "ئێمە بەردەوام دەبین لە هێرشەکانمان دژی پڕۆژەی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی ئێران بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی لە دەوڵەتی ئیسرائیل."

بەپێی داتاکانی ئیسرائیل، ئێران زیاتر لە 400 مووشەکی بالیستی لەگەڵ هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەرەو ئیسرائیل هەڵداوە. مووشەکەکانی ئێران نزیکەی 25 کەسی کوشتووە و 800 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بەر لەوەی لە ئاسمانی ئیسرائیل نزیک ببنەوە، لەناو براون.

لەم هێرشانەدا نزیکەی 600 کەس بریندار بوون و  چوار هەزار هاوڵاتی مەدەنی ناچاربوون ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.

ڕۆژنامەی ئیسرائیلی "زە ​​جۆرزەلیم پۆست" ئاماژە بەوە دەکات، خێرایی هێرشەکانی ئێران کەم بووەتەوە، بەهۆی هێرشە پێشوەختەکانی سوپای ئیسرائیل. سوپای ئیسرائیل لەناوبردنی لەسەدا 40ـی مووشەکی بالیستی ئێرانی ڕاگەیاند، ئەمە جگە لەوەی ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنیان بۆمباران کردووە. 

سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل، گوتەبێژی سەربازی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند "هێزی ئاسمانی ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانی کردووە و زیاتر لە هەزار و 100 ئامانجی لە ناو ئێراندا بۆمباران کردووە، لەو کاتەوەی کە هێرشەکان بەرەبەیانی هەینی ڕابردوو دەستیان پێ کردووە. هەروەها نزیکەی 200 فڕۆکەی جەنگیی هەمەجۆر، بەشدارییان لەم شەڕەدا کردووە.

ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤی ئێرانی ڕایگەیاندووە کە نزیکەی 600 کەس کوژراون.