ئێران بە 25 مووشەک دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل کردەوە

بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران، دووبارە زەنگی ئاگادار کردنەوە لە چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل لێ درایەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2025، فەرماندەی بەرەی ناوخۆی ئیسرائیل ڕایگەیاند "زەنگی ئاگادارکردنەوە لە چەند ناوچەیەک لێ دراوە و ئێران بە 25 مووشەک و درۆن شەپۆلێکی نوێی هێرشی ئاسمانی  کردە سەر تەلئەڤیڤ و حەیفا."

هەروەها سوپای ئیسرائیل دەڵێت: ڕێگریی لە مووشەکەکانی ئێران لە تەلئەڤیڤ و حەیفا دەکەین.

کەناڵی 12ـی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، مووشەکەکانی ئێران شوێنە سەربازییەکانی تەلئەڤیڤ و حەیفا بۆمباران دەکەن. دوای هەڵدانی مووشەکەکانی ئێران دەنگی تەقینەوە لە تەلئەڤیڤ و حەیفا بیستراوە، هاوکات باڵەخانەیەک لە بئر ئەلسەبع لە باشووری ئیسرائیل داڕما و تێیدا سێ کەس گیانیان سپاردووە و نزیکەی 70 برینداریش هەیە.

نەخۆشخانەی سورۆکا ڕایانگەیاند "یەکێک لە مووشەکەکان بەر نەخۆشخانەکە کەوتووە کە تایبەتە بە بریندارانی سوپا و داوای هاوکاری و فریاکەوتنمان لە چەند شوێنک کردووە."

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی ئێران، هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زاناکانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی بە سەدان مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر  تەلئەڤیڤ و حەیفا و چەندین باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون.