درۆنێک لە باشووری عێراق کەوتە خوارەوە
سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراق، ئەمڕۆ، پێنجشەممە 19ـی حوزەیران 2025، ڕایگەیاند، درۆنێک لە نزیک کارگەیەکی چیمەنتۆ لە ناوچەی وازی خزر، لە پارێزگای موسەننا کەوتووەتە خوارەوە.
ئەو سەرچاوەیە ڕاشگەیاند، هێزێکی ئەمنیی بە یاوەری شارەزایانی بواری تەقەمەنی بە مەبەستی پشکنین بەرەو شوێنی ڕووداوەکە ڕۆیشتوون و هیچ زیانێکی مرۆیی لێ نەکەوتووەتەوە.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێران، درۆن و پاشماوەی مووشەک، لە ناوچە و شارە جیاجیاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق کەوتووەتە خوارەوە.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی ئێران، هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زاناکانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی بە سەدان مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر تەلئەڤیڤ و حەیفا و چەندین باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون.