کەناڵی 12ـی ئیسرائیل: مووشەکێک بەر ماڵی وەزیرێکی پێشوو کەوتووە

کەناڵی 12ـی ئیسرائیل ڕایگەیاند، یەکێک لە مووشەکەکانی ئێران بەر ماڵی وەزیرێکی پێشووی ئیسرائیل کەوتووە.

کەناڵەکە ئاشکرای کردووە، مووشەکەکە بەر ماڵی دانی ناڤیە، وەزیری پێشووی ژینگە و ئەندامی پارتی لیکود، بە سەرۆکایەتیی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، کەوتووە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، پێنجشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2025، فەرماندەی بەرەی ناوخۆی ئیسرائیل ڕایگەیاند "زەنگی ئاگادارکردنەوە لە چەند ناوچەیەک لێ دراوە و ئێران بە 25 مووشەک و درۆن شەپۆلێکی نوێی هێرشی ئاسمانی  کردە سەر تەلئەڤیڤ و حەیفا."

لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل دەڵێت: ڕێگریی لە مووشەکەکانی ئێران لە تەلئەڤیڤ و حەیفا دەکەین.

کەناڵی 12ـی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، مووشەکەکانی ئێران شوێنە سەربازییەکانی تەلئەڤیڤ و حەیفا بۆمباران دەکەن. دوای هەڵدانی مووشەکەکانی ئێران دەنگی تەقینەوە لە تەلئەڤیڤ و حەیفا بیستراوە، هاوکات باڵەخانەیەک لە بئر ئەلسەبع لە باشووری ئیسرائیل داڕما و تێیدا سێ کەس گیانیان سپاردووە و نزیکەی 70 برینداریش هەیە.

نەخۆشخانەی سورۆکا ڕایانگەیاند "یەکێک لە مووشەکەکان بەر نەخۆشخانەکە کەوتووە کە تایبەتە بە بریندارانی سوپا و داوای هاوکاری و فریاکەوتنمان لە چەند شوێنک کردووە."

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی ئێران، هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زاناکانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی بە سەدان مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر  تەلئەڤیڤ و حەیفا و چەندین باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون.