پزیشکیان بۆ گەلی ئێران: ئەم ڕۆژە سەختانە تێ دەپەڕێنین

مەسعود پزیشکیان
مەسعود پزیشکیان

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە پەیامێکی ئێکسدا بۆ گەلی ئێران نوسیوویەتی: ئەم ڕۆژە سەختانە تێ دەپەڕینین.

پێنجشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە پەیامێکی ئێکسدا بۆ گەلی ئێران نووسی: گەلی ئێرانی ئازیز، هەموو وەزارەت و دەزگا حکومەتییەکانم ڕاسپاردووە، هەموو هێز و توانا و کەرەستەکانی بەردەستییان بخەنە گەڕ، لەگەڵ ئارامگرتن و پشتیوانیی ئێوە بۆ ئێران، بەبێ هیچ دوودڵییەک بە فەزڵی خودا و بە یارمەتی و هاوسۆزی و هاودەنگیی ئێوە، ئەم ڕۆژە سەختانە تێ دەپەڕێنین.

بەرەبەیانی پێنچشەممە 19ـی حوزەیرانی 2025، سوپای پاسدارانی ئێران بە 25 مووشەک و درۆن، تەلئەڤیڤ و حەیفای ئیسرائیلی بۆمباران کرد، لە هێرشەکەدا، مووشەکێک بەر نەخۆشخانەی سوروکا کەوت. فریاکەوتنی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت: 70 کەس لە هێرشەکدا بریندار بوون، دۆخی دوو لە بریندارانەش سەختە.

هەر لەسەر هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئێران بۆ سەر تەلئەڤیڤ، کە زیانی زۆریانی پێ گەیاندووە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیامێکی ئێکسدا نووسی: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، ئێران، نەخۆشخانەی سوروکای مووشەکباران کرد، ئێمە باجی ئەوەیان پێ دەدەینەوە.