هاتوچۆی بازرگانی لە دەروازەی کێلێ ڕاگیرا

لەسەر داوای بەرپرسانی ئێران، هاتوچۆی بازرگانی لە دەروازەی سنووریی کێلێ ڕاگیرا.

ئــاراس ئــەمین، پەیامنێری کوردستان24 لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، بەرپرسانی ئێران بە بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی ڕاپەڕین و شۆفێری بارهەڵگرەکانی ڕاگەیاندووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19-06-2025، دەروازەی "کێلێ" داخراو دەبێت و هاتوچۆی بازرگانی نابێت. 

پـەیامنێری کوردستان24، ئاماژەی بەوەش دا، تا ئێستا هۆی سەرەکیی ڕاگرتنی هاتوچۆی بازرگانیی لە دەروازەی کێلێ دیار نییە، بەڵام بە گوتەی بەشێک لە شۆفێرانی بارهەڵگر، کێشە لە سیستەمی ئەلیکترۆنیی دەروازەکە دروست بووە، بۆیە جارێ داخراوە و هیچیشیان پێ نەگوتراوە، کەی جارێکی دیکە دەکرێتەوە. 

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، پێش دەستپێکردنی جەنگی ئێران و ئیسرائیل، ڕۆژانە نزیکەی 150 بارهەڵگر لە هەردوو دیوی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتوچۆ بازرگانییان دەکرد، بەڵام دوای دەستپێکردنی جەنگەکە، ژمارەکە بۆ 70 – 80 کەم بووەوە، ئەمڕۆش بە تەواوی نەما. 

دەروازەی سنوری کێلێ، هەریەک لە شارۆچکەی قەڵادزێ لە باشووری کوردستان و سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە یەکەوە دەبەستێتەوە و لە 2ـی ئاداری 2023 بە فەرمی کرایەوە. دەروازە سنوورییەکە جگە لە هاتوچۆی گەشتیاری، دەروازەیەکی گرنگی ئابووریشە.