تاران ئاژانسی وزەی ئەتۆمی بە هاوبەشیی ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2025 تاران ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بە "هاوبەش" لە دەستدرێژی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران تۆمەتبار کرد.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، لە 12ی حوزەیران بڕیارنامەیەکی دەرکرد و پابەندنەبوونی ئێرانی بە پابەندبوونە ئەتۆمییەکانی سەرکۆنە کرد و داوای چارەی بەپەلەی بۆ ئەم پرسە کرد.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ی نووسیویەتی "بۆ ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی، ئێوە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیتان کردووە بە هاوبەشی ئەم شەڕە ناڕەوا و دەستدرێژییە بۆ سەر ئێران."
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی ئێران، هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زاناکانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی بە سەدان مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر تەلئەڤیڤ و حەیفا و چەندین باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون.