شاخەوان عەبدوڵڵا لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕوونکردنەوە دەدات

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند: لە کۆبوونەوەکانی ڕۆژانی ڕابردوو دەربارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەباشی بەڕێوەچوون، بەڵام بەهۆی دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی دادگای فیدراڵی عێراق نەتواندرا ئەو بڕیارە بدرێت.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2025، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند: لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لەسەر پرسی مووچە، چەندین کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجامداوە.

شاخەوان عەبدوڵڵا، گوتیشی: کۆبوونەوەکان زۆر ئەرێنی و باشبوون، تەنانەت هەڵوێستی دادوەرەکانیش بە ئاراستەی چارەسەکردن و بڕیاردان لەبەرەی ناردنی مووچەوە بوون، نووسراوی سەرۆک وەزیران مەسروربارزانی لەنێو کۆبوونەوەکە خوێندرایەوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەو کێشەی ئەمڕۆ ڕوویدا نەتواندرا کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی بەڕێوەبچێت و بڕیار لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە بدات.

لە هەر نۆ ئەندامە سەرەکییەکەی دادگای فیدراڵیی عێراق، شەش ئەندامیان لەگەڵ سێ ئەندامی یەدەگ لە بڕیارێکی لەناکاو دەستیان لە کار کێشایەوە.

 پێنجشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2025، بە پێی زانییارییەکانی شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24، لە بەغدا "شەش ئەندامی سەرەکی و سێ ئەندامی یەدەگی دادگای فیدراڵی عێراق، دەستیان لە کار کێشایەوە، لە کاتێکدا بڕیار بوو ئەمڕۆ دادگاکە، دەربارەی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە و بڕیارێکی وەلائی بدات.

 

 
 

Fly Erbil Advertisment