وەزارەتی بەرگری تورکیا: ئیسرائیل بەپێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان هێرشی بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە
وەزارەتی بەرگری تورکیا ئاماژە بەوەدەکات، ئیسرائیل بەپێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان هێرشی بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە و سەرکۆنەی هێرشەکان دەکەین.
زەکی ئاکتورک، ڕاوێژکاری پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2025، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند: لەکاتێکدا دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بەردەوامی هەبوو سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، ئیسرائیل بەپێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان هێرشی بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە و جارێکی دیکە سەقامگیری و ئاشتی ناوچەکەی خستۆتە مەترسییەوە.
زەکی ئاکتورک گوتی: هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران سەرکۆنە دەکەین و هەروەها هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، لوبنان و ئێران، شکاندنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، ئیسرائیل سنوورەکانی بەزاندووە و ناوچەکە دەخاتە نێو پشێوییەکی گەورەوە، پێویستە بە زوترین کات کۆتایی بەم هێرشانەی بهێنێت.
دوای کۆنفرانسەکە سەرچاوەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئەوەشیان خستەڕوو کە دوای هەڵگیرسانی شەڕ و پێکدادانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، تا ئێستا هیچ هەوڵێک بۆ پەڕینەوەی نایاسایی لە سنوورەکانمان ڕووینەداوە.
ئەوەش باس کراوە، سوپای تورکیا بە شێوەیەکی پێشوەخت بەردەوامە لە گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێکی ئەمنیی پێویست و ڕەتدەکاتەوە سنوورەکانیان لەلایەن ئیسرائیلەوە بەزێندرابن. هاوکات هەواڵی کۆچی بەکۆمەڵی ئێرانییەکانییان بۆ تورکیاش رەتکردۆتەوە.