کۆشکی سپی: ترەمپ وادەی دوو هەفتەی داوە بە ئێران بۆ ئەوەی ڕێگە بە دیپلۆماسی بدات
پێشتر چەند سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئەمەریکی پشتڕاستی کردەوە، سەرۆکی ئەمەریکا پلانی سەربازیی بۆ لێدانی شوێنەکانی ئێران پەسەند کردووە، کۆشکی سپی پشتڕاستی کردەوە، ترەمپ وادەی دوو هەفتەی داوە بە ئێران بۆ ئەوەی ڕێگە بە دیپلۆماسی بدات. هاوکات بۆ هەشتەمین ڕۆژی لەسەریەک ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و ئێران بەردەوامە.
لە هەمان کاتدا چاوەکان لەسەر فەرماندەیەکی سەربازی ئەمەریکایە، کە کاریگەری لەسەر ستراتیجی ترەمپ بەرامبەر ئێران هەبووە. ئەویش ژەنەڕاڵ مایک گۆرێلایە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا "سێنتکۆم" کە دەسەڵاتی ئەوەی پێدراوە پلان بۆ هێرشی ئەگەری ئەمەریکا بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران دابڕێژێت، بە بەکارهێنانی بۆمب کە توانای لەناوبردنی دامەزراوە ژێرزەمینییەکانی هەیە.
بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست، گۆرێلا سەرکردایەتی ئەم ستراتیجە دەکات "لەسەر فەرمانی وەزیری بەرگریی پێت هێگسێت" و یەکێک لە پێشنیازەکانی زیادکردنی داهاتی سەربازی و بەهێزکردنی بەرگرییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەسەندکراون، سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی دیکەی ئیدارەکە هۆشدارییان لە زیادکردنی دەستوەردان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا داوە.
شۆن پارنێل، گوتەبێژی پنتاگۆن لە بەیاننامەیەکدا بۆ ڕۆژنامە ئەمەریکییەکان پشتڕاستیکردەوە "هێگسێت بە هەمان شێوە هەمان دەسەڵات بە هەموو فەرماندەکانی دەدات، بە لامەرکەزیکردنی فەرماندەیی و بەکارهێنانی ئەزموونی جیهانی ڕاستەقینەی خۆیان لە بەرگریکردن لە بوارەکانی بەرپرسیارێتییان".
