نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدا دەكات

نێچیرڤان بارزانی و ماكرۆن لە بەغدا كۆدەبنەوە

K24 - ھەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتی شاندێكی ھەرێمی كوردستان، سەردانی بەغدا بكات، ئامانج لە سەردانەكە كۆبوونەوەیە لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا.

درەنگانی شەوی 31/8/2020 ماكرۆن گەیشتە لوبنان و بڕیارە ئەمڕۆ سەردانی عێراق بكات. ماکرۆن لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیران، سەرۆک کۆماری عێراق و ژمارەیەکی زۆری بەرپرسانی سیاسیی عێراق کۆدەبێتەوە. پەیوەندییەكانی فەرەنسا و عێراق و ھەرێمی كوردستان و پاڵپشتییەكانی پاریس بۆ بەغدا و ھەولێر و شەڕی دژی تیرۆر و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە تاوتوێ دەكەن.

ئامانجی سەردانەکەی ئیمانوێل ماکرۆن بەپێی سەرچاوە عێراقییەکان " تیشك خستنەسەر بابەتی سەروەریی عێراقە"، بۆ ئەوەی بەغدا رێڕەوێکی سەربەخۆ بۆخۆی دیاری بکات، دوور لە واشنتن و تاران، کە هەردووکیان "دووژمنی یەکتر" و گەورە هاوپەیمانی عێراقن.

پەیامی ماکرۆن، هەمان پەیامی گەورە دیپلۆماتکاری فەرەنسی جان ئیڤ لودریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەبێت، کاتێک مانگی تەممووزی ئەمساڵ لە سەردانێکدا لە بەغدا گوتی "دەبێت بەغدا خۆی لە ئاڵۆزییە هەرێمییەکان بەدوور بگرێت".