یسرائیل کاتز هۆشداری دەداتە حزبوڵلای لوبنان
لە بەیاننامەیەکدا یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئەمڕۆ هەینی، 20ـی حوزەیرانی 2025، هۆشداریی دایە حزبوڵڵای لوبنان لە هەر دەستوەردانێکی شەڕی بەردەوامی ئێران و ئیسرائیل، ئەوەش دوای ئەوەی نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی ئەو گرووپە ڕایگەیاند "بەو شێوە هەڵسوکەوت دەکات کە خۆی بە باشی دەزانێت".
کاتز لە بەیاننامەکەدا گوتی: ئامۆژگاری بریکارەکانی لوبنان دەکەم کە وریا بن و درک بەوە بکەن، ئیسرائیل سەبر و ئارامی لەدەست داوە لەگەڵ ئەو تیرۆریستانەی هەڕەشەی لێدەکەن.
ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەگەر تیرۆر هەبێت، چیتر حزبوڵڵا نامێنێت".
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی ئێران، هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زاناکانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی بە دەیان مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر تەلئەڤیڤ و حەیفا و چەندین باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون. و تا ئێستاش هێرشەکان بۆ سەر یەکتر بەردەوامە.