عراقچی: لە نێو پرۆسەیەکی دیموکراسی بە ئامانج گیراین
هەینی 20ـی حوزەیرانی 2025، کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە جنێڤ بەڕێوە چوو.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ لە جنێڤ گوتی: پێویستە هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنەکە لەسەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەمان بێنە دەنگ، داواش دەکەم ڕێز لە یاسا بگرن و بۆ دادپەروەری کاردانەوەتان هەبێت، چونکە ئیسرائیل بە نادادپەروەرانە هێرش دەکاتە سەر وڵاتەکەمان و دەبێت ڕێگری لێ بکرێت.
باسی لەوەش کرد، ئیسرائیل هیچ بیانوویەکی نییە بۆ ئەوەی ئەو هێرشانە بکاتە سەر ئێران، چونکە بەرنامەی ئەتۆمی تاران لە ژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دایە و پابەندن بە یاسا نێودەڵەتییەکان.
گوتیشی: ئێمە لەو جەنگەدا تەنیا دەمانەوێت بەرگریی لە خۆمان و سەروەری وڵاتەکەمان بکەین.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەشی دا، هێرشەکانی ئیسرائیل پێشێڵکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و بەهۆی کردارەکانی ئیسرائیل یاساکان لە ژێر هەڕەشە دان.
عەباس عراقچی ئەوەشی خستە ڕوو، ئەوان لە نێو پرۆسەیەکی دیموکراسی و دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا بە ئامانج گیران، کە بڕیاربوو لە 15ـی مانگ دانوستانەکە بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەیەکی ئاشتییانە بۆ ئەو پرسە بەڕێوەبچێت.
ناوبراو گوتیشی: لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانە و ژێرخانەکانی وڵاتەکەمان ژمارەیەکی زۆر خەڵک بوونەتە قوربانی، ئەم هێرشانەش لێکەوتی مەترسیداری لێ دەکەوێتەوە.