ڕافایل گرۆسی: ئەگەر تیشکدەرە کیمیاییەکان بڵاو ببنەوە، دەبێت نیوەی تاران چۆڵ بکرێت
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە دواهەمین ڕاپۆرتەکانی ئاژانسەکەی لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە و بنکە ئەتۆمییەکان ئێران خستە ڕوو.
هەینی 20ـی حوزەیرانی 2025، ڕافایل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی گوتی: داوا دەکەم بەهیچ شێوەیەک هێرش نەکرێتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، چونکە بڵاو بوونەوەی ماددەی تیشکدەر لە ناوچەکەدا دەرئەنجامێکی زۆر خراپی دەبێت، لە ئێستاشدا ئاژانسەکەمان لە نزیکەوە چاودێری ئەو دامەزراوانە دەکات.
باسی لەوەشکرد، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، بنکە سەرەکییەکەی دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز لە ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025 بە ئامانج گیرا و کارەبایەکەی پچڕاوە. هاوکات بنکەی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز لە هەمان ڕۆژ بۆردومان کراوە. گوتیشی: تاوەکوو ئێستا لە دامەزراوەکە هیچ تیشکدەرێکی کیمیایی بڵاو نەبووتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئاماژەشی دا، لە ئەسفەهان چوار باڵەخانەی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی تاران لەلایەن ئیسرائیلەوە وێران کراون کە ئەوانیش لە تاقیگەی ناوەندی، وێستگەی سووتەمەنی یۆرانیۆم و دامەزراوەیەکی دیکە کە لەژێر دروستکردن دابوو پێکهاتبوون.
ڕافایل گرۆسی ئاماژەشی دا، ڕیاکتەری ئەراک لە 19ـی ئەم مانگە کراوتە ئامانج، بەڵام تیشکدانەوەکەی کاری نەدەکرد و هیچ ماددەیەکی ئەتۆمی تێدا نەبووە، بۆیە پێشبینی ناکرێت هیچ تیشکدانەویەکی کیمیایی تێیدا بڵاو ببێتەوە.
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، لە 18ـی مانگ سێ باڵەخانەی تایبەت بە دروستکردنی سەنتەرفیوژ بۆردومان کران کە یەکیان لە ناوەندی لیکۆلینەوەی تاران بوو، دوو باڵەخانەکەی دیکەش لە کەرەج بوونە.
هۆشداریشی دا، هێرشکردنە سەر وێستگەی بووشێهر زۆر مەترسیدار دەبێت، چونکە هەزار کیلۆگرام ماددەی ناوەکی تێدایە، بۆیە هۆشداری دەدەم کە نابێت هێرشبکرێتە سەر ئەو وێستگەیە، چونکە تیشکێکی زۆر بە نێو ژینگە بڵاو دەبێتەوە. گوتیشی: دوو وێستگەی دابینکردنی کارەبا بۆ ئەو بنکەیە بۆردومان کراون.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئەوەشی خستە ڕوو، بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی ئەو تیشکانە دەبێت هاووڵاتییان بۆ چەند سەد کیلۆمەترێک لە ناوچەکە دوور بکەونەوە، هاوکات لە ئەگەری بڵاو بوونەوەی تیشکدەرەکان لە بنکەکانی دیکە دەبێت بەشێکی زۆر لە تاران چۆڵبکرێت.
دووپاتیشی کردووە کە ئێراز زیاتر لە 400 کیلۆگرام یۆرانیۆم واتە بە ڕێژەی 60% پیتاندووە، بۆیە ئاژانسەکە پشکنینەکانی خۆی دەست پێ دەکات و دەبێت لەلایەن ئێرانیشەوە ڕێگەمان پێ بدرێت لێکۆلینەوەکانی خۆمان بکەین.