ئەمیر سەعید ئیرەوانی: نیگەرانین لەوەی ئەمەریکا هاوکاری وڵاتێک دەکات کە پێشێلکاری یاسایی کردووە

نوێنەری ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، بەڵگە هەیە ئەمەریکا بەشداری جەنگەکەمان لە بەرانبەر ئیسرائیل کردووە، بۆیە نیگەرانین کە واشنتن پشتگیری لە وڵاتێک دەکات کە تاوانی جەنگی کردووە و پێشێلکاری یاسا نێودەوڵەتییەکانی کردووە.

هەینی 20ـی حوزەیرانی 2025، ئەمیر سەعید ئیرەوانی، نوێنەری ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نیگەرانی خۆی لە لێدوانەکانی ئەمەریکا بۆ بەشداریکردن لە جەنگ و هاوکاریکردنی ئیسرائیل دەربڕی و ڕایگەیاند، لە کاتێکدا هێرشەکانی ئیسرائیل پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، بەڵام ئەمەریکا دەیەوێت هاوکاری ئەو وڵاتە بکات، هاوکات بەڵگەش هەیە کە ئەمەریکا بەشداری لە جەنگەکە کردووە، کە ئەمەش بەگوێرەی یاسای ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشێلکاری یاساییە.

ئاماژەشی دا، ئێران پابەندە بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەرگریی لە خۆی بکات، بەڵام ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تاوەکوو ئێستا بە کارەکانی خۆی هەلنەستاوە و ئیسرائیلی لە هێرشەکان ڕانەگرتووە، بۆیە داوا دەکەم ئەنجوومەنەکە دەستبەجێ ئیسرائیل وەکوو دەستدرێژی و تاوانی جەنگی بناسێنێت. 

دووپاتیشی کردەوە ئێران بەرنامەی ئەتۆمیی بۆ بەرنامەیەکی ئاشتییانەیە، بەڵام ئیسرائیل چەکی ئەتۆمی هەیە کە تاوەکوو ئێستا ڕاینەگەیاندووە.

باسی لەوەش کرد، لە ئەنجامی هێرشە پلان بۆ داڕێژراوەکەی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەمان هاووڵاتی مەدەنی، فەرماندەی سەربازی، پسپۆران، پزیشکەکان، ئەندازیاران، هونەرمەند و ڕۆژنامەنووسان بە مەبەست کراونەتە ئامانج و هەزاران کەس بوونەتە قوربانی.

گوتیشی: لە سەرەتای جەنگەوە تاوەکوو ئێستا پێنج نەخۆشخانە بە ئامانج گیراون، چەندین پزیشک و هاووڵاتییە مەدەنییەکان کوژراون و برینداربوونە، ئەمەش تیرۆر و تاوانی جەنگە، هاوکات لە هێرشەکەی 16ـی ئەم مانگە، نەخۆشخانەی فارابی لە کرماشان و خاچی سووری نێودەوڵەتی و ئەمبوڵانسەکان کرانە ئامانج، ئەمەش پێشێلکارییەکی دیاری یاسا نێودەڵەتییەکانە.

نوێنەری ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی باسی لەوەش کرد، لە 18ـی ئەم مانگە، دامەزراوەیەکی ئەتۆمی و سەنتەرێکی دروستکردنی سەنتەرفیوج کراونەتە ئامانج، کە لە ژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدا بوو.

ئەمیر سەعید ئیرەوانی ئەوەشی خستەڕوو، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، چونکە بەگوێرەی یاسایەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، کە دەڵێت، هەر هێرشێک بکرێتە سەر دامەزراوەی ئەتۆمی ئەندامەکانمان، هێرشە بۆ سەر ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی.

گوتیشی: ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم نابێت خۆیان لە بەرانبەر هێرشەکانی ئێران بێ دەنگ بکەن، چونکە ئێمە چەندین جار دووپاتمان کردووەتەوە، بەرنامەی ئەتۆمی ئێمە بەرنامەیەکی ئاشتییانەیە.