پوتن: داوام نە کردووە نێوەندگیری ئێران و ئیسرائیل بکەم

سەرۆکی رووسیا ڕەتی دەکاتەوە داوای نێوەندگیری نێوان ئیسرائیل و ئێرانی کردبێت و گوتی: تەنیا بیرۆکەکەم پێشنیاز کردووە. 

هەینی 20ـی حوزەیرانی 2025، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسا لە كۆڕبه‌ندی ئابووریی سان پترسبۆرگ ڕایگەیاند، ڕووسیا نایەوێت لە نێوان ئێران و ئیسرائیل ببێتە وڵاتی نێوەندگیر، بەڵکوو ئێمە تەنیا بیرۆکەکەمان پێشنیاز کردووە.

گوتیشی: ئەگەر هەر دوو وڵات بیرۆکەکەیان پەسەند کرد، ئەوە ئەنجامێکی باشی دەبێت.

پێشتر، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا، دوای دروستبوونی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هەریەک لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کردووە.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی گوتی: پوتن داوای کردووە ڕۆڵی نێوەندگیر لە نێوان ئێران و ئیسرائیل بگێڕێت، بەڵام من پێم گوت با سەرەتا کێشەکانی تۆ لەگەڵ ئۆکرانیا چارە بکەین. 

پێنجشه‌ممه‌، 19ـی حوزه‌یرانی 2025، دیمیتری پیسكۆڤ، گوته‌بێژی كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیی ڕووسیا (كرێملن) له‌ گوته‌یه‌كدا له‌ میانی كۆڕبه‌ندی ئابووریی سان پترسبۆرگ ڕایگه‌یاندبوو، هه‌ر خۆتێهه‌ڵقورتاندێكی ئه‌مه‌ریكا له‌ شه‌ڕی ئیسرائیل و ئێران، ده‌بێته‌ هۆی به‌رده‌وامی شه‌ڕه‌كه‌ و ناوچه‌كه‌ ڕووبه‌ڕووی شه‌ڕێكی گه‌وره‌ ده‌كاته‌وه‌.

سێشه‌ممه‌، 17ـی حوزه‌یرانی 2025، دیمیتری پیسكۆڤ ڕایگه‌یاندبوو، ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی ڕووسیا ئاماده‌یی خۆی بۆ نێوه‌ندگیریی له‌ نێوان ئیسرائیل و ئێران به‌ بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل ڕاگه‌یاندووه‌.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.