دۆرۆسی شیا: هێشتا دەرفەت لەبەر دەمی ئێران ماوە بۆ دانوستان و ڕێککەوتن
نوێنەری ئەمەریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، جەختی لەوە کردەوە، ناکرێت چی دیکە چاوپۆشی لەوە بکەین کە ئێران دەیەوێت چەکی ئەتۆمی بە دەست بێنێت. گوتیشی: هێشتا دەرفەت لەبەر دەمی ئێران ماوە بۆ دانوستان و ڕێککەوتن.
هەینی 20ـی حوزەیرانی 2025، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی جەنگی ئیسرائیل و ئێران کۆبووەوە.
دۆرۆسی شیا، نوێنەری ئەمەریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، گوتارێکی پێشکەش کرد و باسی لەوە کرد، سەرکردایەتیی ئێران پێویستە بە تەواوەتی دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی بێت و چی دیکە بە دوای دەستخستنی چەکی ئەتۆمییەوە نەبێت و دەبێت ڕەچاوی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری وڵاتانی دراوسێ بکات.
هاوکات ڕایگەیاند: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کاتێکی هەستیاردا تێ دەپەڕێت و ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگریی لەخۆی بکات، هەروەها ئەمەریکا لە پشت ئیسرائیل دەوەستێت بۆ کۆتاییهێنان بە خەونە ئەتۆمییەکانی ئێران.
ناوبراو دەشڵێت: ئێران دەیتوانی بە ڕێککەوتن هەم واز لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بێنێت، هەم ڕێگە لەم جەنگە بگرێت، بەڵام ئەوان ڕەتیان کردەوە.
نوێنەری ئەمەریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، جەختی لەوە کردەوە، ناکرێت چی دیکە چاوپۆشی لەوە بکەین کە ئێران دەیەوێت چەکی ئەتۆمی بە دەست بێنێت. گوتیشی: هێشتا دەرفەت لەبەر دەمی ئێران ماوە بۆ دانوستان و ڕێککەوتن.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.