فراكسیۆنی پارتی داوایەك لە حكومەت دەكات

بڕیارە سێ مانگ جارێك راپۆرت پێشكەشی پەرلەمان بكرێت

K24 – ھەولێر

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان داوا لە حكومەتی ھەرێمی كوردستان دەكات، راپۆرت لەبارەی چاكسازیی رەوانەی پەرلەمانی كوردستان بكەن.

ھێڤیدار ئەحمەد، پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی بە كوردستان24ی راگەیاند: "وەك فراكسیۆنی پارتی داوا لە حكومەت دەكەین ئەو راپۆرتە ئامادە بكەن، كە پێشتر لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان رێككەوتنی لەسەر كراوە، كە سێ مانگ جارێك راپۆرتێك لەوبارەوە بدرێتە پەرلەمان، چونكە ئێستا خەڵك لەبارەی یاسایی چاكسازی پرسیار دەكەن، كە بە كوێ گەیشتووە".

روونیكردەوە: "سەرەتای مانگی داھاتوو دەبێتە سێ مانگ پڕۆژە یاسایی چاكسازی چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆیە بەپێی رێككەوتنەكە دەبێ لەوكاتە حكومەت راپۆرتی خۆی پێشكەش بە پەرلەمان بكات".

لەبارەی میوانداریكردنی سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ پەرلەمان، ھێڤیدار ئەحمەد گوتی: "ژمارەیەك پەرلەمانتار داوایان كردبوو كە لە پەرلەمان میوانداری بكرێن، بەڵام ئەو پەرلەمانتارانە نەیانزانیوە كە بەشێوە یاساییەكە چۆن داوای میوانداریان دەكەن، ئەگەرنا سەرۆكی حكومەت لاری نییە كە بێتە پەرلەمان، بەڵام پێویستە پەرلەمانتاران فێری ئیشی خۆیان ببن".

چاكسازی یەكێكە لە پڕۆژە سەرەكییەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و لە پەرلەمانی كوردستان دەنگی لەسەر دراوە. لە 1/7/2020 كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.