عەلی سەعید: کێشەی زیاتر لە 13 هەزار هاووڵاتی کورد کە لە وڵاتان گیریان خواردبوو، چارە کرا
بەڕێوبەری داتا و زانیارییەکان لە ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کێشەی زیاتر لە 13 هاووڵاتی کوردییان چارەسەر کردووە کە لە وڵاتان گیرییان خواردبوو بەهۆی وەستانی گەشتی ئاسمانی بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە و جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران.
شەممە 21ـی حوزەیرانی 2025، عەلی سەعید، بەڕێوبەری داتا و زانیارییەکان لە ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بە کوردستان24ـی راگەیاند: بە ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ژووری هاوبەشی ئۆپەراسیۆنە خێراکان لەنێوان وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دروستکرا، لە شەوی 13ـی ئەم مانگە دەست بە کۆکردنەوەی داتاکان کرا سەبارەت بەو هاووڵاتییانەی لە دەرەوەی کوردستان گیرییان خواردبوو، بۆیە وەزارەتی ناوخۆ هەر زوو دوو هێلی گەرمی پەیوەندیی کردنی بۆ هاووڵاتییانی دەرەوەی کوردستان دابین کرد لەگەڵ گۆگڵ فۆرمێک بۆ وەرگرتنی زانیارییەکان، دەڵێت: لە شەش کاتژمێری یەکەمی پرۆسەکە، کێشەی 350 هاووڵاتی کە لە یەکێک لە فڕۆکەخانەکانی وڵاتانی دەورووبەر گیرییان خواردبوو، چارەسەر کرا و بەڤیزای ترانزێت گەڕێندرانەوە کوردستان، لەو ماوەیەشدا زیاتر لە 5 هەزار و 600 پەیوەندیی بە هێلە گەرمەکانەوە کراوە لەلایەن ئەو هاووڵاتییانەی لە وڵاتان گیرییان خواردبوو، لەگەڵ ئەوەی 1300 فۆرمی زانیاریی بەشێوەی ئۆنلاین پڕ کرانەوە.
عەلی سەعید ئاماژەی بەوە کرد، نزیکەی 13 هەزار و 335 کەس کێشەکانیان چارەسەر کرا بە وەرگرتنی ڤیزای ترانزێت و گەڕاندنەوەیان بەڕێگەی وشکانی، گوتیشی: کێشەی ئەو هاووڵاتییانە زەحمەتتر بوو کە دوور بوون و پێویست بوو بە ترانزێت بگەڕێندرێنەوە، هەندێ لە هاووڵاتیانیش لە ناوچەی جەنگەکە گیرییان خواردبوو، 80 هاووڵاتی کوردستان لە دوورگەی کیشی ئێران گیرییان خواردبوو، هیچ ڕێگەیەکی وشکانیان نەبوو، ترسییان هەبوو چونکە ناوچەکە بووە ناوچەی گەرمی جەنگ، بۆیە لەڕێگەی کەشتییەوە ئەوانمان هێنایە دوورگەیەکی نزیکتر و وشکانی، دواتر لەڕێگەی پاس گوازرانەوە خوڕەمشەهر، لەوێوە گوزرانەوە دەروازەی شەلامچە لە بەسرە و دواتر گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەشکرد، 40 نەخۆش لە هەرێمی کوردستانەوە کە چووبوونە ئێران و نەشتەرگەرییان بۆ کرابوو، بە دوو قۆناغ گەڕێندرانەوە کوردستان، عەلی سەعید ڕایگەیاند: تاکو یەک هاووڵاتی مابێت لە دەرەوەی کوردستان، تیمەکان دەمێننەوە بۆ ئەوەی بە سەلامەتی بیانگەڕێننەوە وڵات.