ئیخڵاس دلێمی: کاریگەرییەکانی جەنگی ئیسرائیل و ئێران لەسەر عێراق دەرکەوتووە

ئیخڵاس دلێمی، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، کاریگەرییەکانی جەنگی ئێران و ئیسرائیل بەسەر دام و دەزگاکانی عێراقەوە دەرکەوتوون، لەگەڵ ئەوەی پێشتریش حزب و لایەنە سیاسییەکان کاریگەرییان بەسەر دامەزراوە ئەمنی و یاساییەکانەوە هەبووە.

شەممە 21ـی حوزەیرانی 2025، ئیخڵاس دلێمی، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کوردستان24 ئاشکرای کرد، کاریگەرییەکانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران بە تەواوی لەسەر تەواوی دامەزراوەکانی عێراق دەرکەوتووە، نموونەی دەستلەکارکێشانەوەی دادوەرانی دادگای فیدراڵی هێنایەوە و گوتی: بەهۆی ئەو فشارانەوە بوو، نۆ ئەندامی دادگای فیدراڵی دەستییان لەکارکێشایەوە کە پێشتر نەبووە.

دلێمی دەڵێت: بڕیاری عێراق بەدەست خودی عێراقییەکانەوە نییە، بڕیارە سیاسی و ئەمنی و نێودەوڵەتییەکان، کاریگەرییەکانی وڵاتانی بەسەرەوە بووە ، بەڵام عێراق کاتی ئەوەی نەماوە و ناتوانێت کێشەکانی نێو عێراق چارە بکات.

لەبارەی ڕێککەوتنی بەندەری خۆر عەبدولڵاوە، ئیخڵاس دلێمی گوتی: دادگا نەیتوانی بڕیارێک لەبارەی خۆر عەبدولڵاوە بدات کە پێشتر بڕیاری لەبارەوە دراوە، بە ڕاگرتنی ئەو بڕیارە، کێشە دەکەوتە نێوان سعوودیە و کوەیت و ئەمەریکییەکان، هاوکات لێکترازانی لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی دروست دەکرد.

دەشڵێت: فشاری زۆر لەسەر تەواوی دامەزراوەکانی عێراق دروست دەکرێت، فشاری حزبەکان و حکوومەت و لایەنە سیاسییەکانی دیکە لەسەر دادگای فیدراڵی، کاریگەریی دروست دەکات، بۆیە ئەو جۆرە بڕیارانە لە دادگاوە دەردەکرا، دلێمی گوتی: بڕیاری دادگای فیدراڵی یەکلایی کردووەتەوە کە پێویستە مانگانە مووچەی خەڵکی کوردستان بدرێت بێ هیچ ڕوونکردنەوەیەکی زیاتر، چونکە ئەوە مافی خەڵکی کوردستانە.

ئیخڵاس دلێمی ئاشکرای کرد، ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ دەستخستنی مافی خەڵکی کوردستان لە بەغدا، بەڵام دۆخی عێراق زۆر ئاڵۆزە، بەهۆی جەنگی ئێران و ئیسرائیلیشەوە ئاڵۆزتر بووە.

گوتی: پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام داکۆکیکار بووە لە پرسەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان، ئێستاش لەنێو جوڵەیەکی سیاسی بەهێزە بۆ پرسی مووچە. لە دوو رۆژی رابردوودا چەندین گفتوگۆ هەبووە و دەستپێشەخەری هەیە بۆ ئەوەی لایەنی کەم مووچەی مانگی 5 ئەم هەفتەیە دابەشبکرێت، دۆخی عێراق باش نییە و پێویستی بە یەک ریزییە، ئەم یەکریزییەش بە دابەش نەکردنی مووچە و برسیکردنی خەڵک بەدی نایەت، بۆیە بەپێی زانیارییەکان ئەم هەفتەیە پرسی مووچە چارەسەر دەبێت

ساڵی 2013 لە سەردەمی کابینەکەی نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی عێراق بە ئامانجی رێکخستنى جوڵەى دەریاوانى هەردوو حکومەتی عێراق و کوەیت رێککەوتنی خۆر عەبدوڵڵا واژۆکرد و بەندەرەکە لە نێوانیان دابەشکرا کە لەسەر ئاوى کەنداوە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەر لەو ساڵەدا بە زۆرینەی دەنگ پەسەندی کرد.

بەندەری خۆر عەبدوڵڵا رێڕەوێکی ئاوییە کە دەکەوێتە نێوان عێراق و کوەیت لەسەر کەنداوی عەرەبی، ئەم بەندەرە بۆ هەردوو وڵات گرنگە و هەر ئەمەش وایکرد ناکۆکییان هەبێت لەسەری و لە ساڵی 2013 لەدوای گفتوگۆیەکی زۆر لەنێوان هەردوو حکومەت بە ئامانجی رێکخستنى جوڵەى دەریاوانى رێککەوتنی "خۆر عەبدوڵڵا" لەنێوان هەردوو حکومەت واژۆکرا، هەر لە سەرەتاوە رێککەوتنی خۆر عەبدوڵڵا ناڕەزایەتی لێکەوتەوە، رەخنەی ئەوە لە رێککەوتنەکە گیرا کە بەشی ئاوی عێراق دراوە بە كوەیت.