میدیایەکی ئەمەریکی: سوپای ئەمەریکا جووڵەی بە فڕۆکەی  B-2 کرد

میدیایەکی ئەمەریکایی بڵاوی کردووەتەوە، شەش فڕۆکەی B2ـی ئەمەریکی بۆمبهەڵگر بۆ دوورگەیەک لە ڕۆژئاوای ئۆقیانووسی هێمن گوازراونەتەوە.

شەممە 21ـی حوزەیرانی 2025، فۆکس نیوزی ئەمەریکایی بڵاوی کردووەتەوە، بەپێی داتاکانی هاتوچۆی فڕۆکەکان و پەیوەندییە دەنگییەکانی نێو ژووری کۆنترۆڵی هاتوچۆی ئاسمانی ئەمەریکا، شەش فڕۆکەی B-2ـی ئەمەریکایی بۆمبهەڵگر، لە بنکەی ئاسمانی وایتمێن لە ویلایەتی مەزووری بۆ بنکەیەکی ئاسمانی ئەمەریکی لە دوورگەی گوام فڕیوون، کە سەر بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە و دەکەوێتە ڕۆژئاوای ئۆقیانووسی هێمن.

بەگوێرەی فۆکس نیوز، فڕۆکەکان دوای ماوەیەکی کەم لە فڕینییان لە ویلایەتی مەزووری، بە ئاسمانەوە سووتەمەنییان تێ کراوە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە ڕەنگە بە بارێکی قورسەوە فڕیبن.

هاوکات هەر فڕۆکەیەکی B-2ـی ئەمەریکی بۆمبهەڵگر دەتوانێت تەنیا دوو بۆمبی  bunker-buster هەڵبگرێت.  

ئەمەش لە کاتێک دایە، پێشتر کارۆلاین لیڤت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە دوو هەفتەی داهاتوودا بڕیار لەسەر ئەگەری بەشداریی لە جەنگەکەی ئیسرائیل و ئێران دەدات.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.