ڕافایل گرۆسی: ئیسرائیل کارگەیەکی سەنتەرفیوجی بۆمباران کرد
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند، ئیسرائیل کارگەیەکی سەنتەرفیوجی لە ئەسفەهان بۆمباران کردووە، بەڵام هیچ مەترسییەک لە بڵاو بوونەوەی تیشکدەرە ئەتۆمییەکان نییە.
شەممە 21ـی حوزەیرانی 2025، ڕافایل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، لە دواهەمین هێرشەکانی ئیسرائیل، کارگەی دروستکردنی سەنتەرفیوجی لە ئەسفەهان، بۆمباران کراوە.
باسی لەوەش کردووە، لە ماوەی هەفتەیەکدا، ئیسرائیل سێ شوێنی تایبەت بە دامەزراوەی ئەتۆمی، لە ئەسفەهان بۆمباران کردووە.
هەروەها ڕوونیشی کردووەتەوە، کە ئەو کارگەیە هیچ ماددەیەکی ئەتۆمی تێدا نەبووە، بۆیە هیچ مەترسییەک لە بڵاو بوونەوەی تیشکدەرە ئەتۆمییەکان نییە.
هەینی 20ـی حوزەیرانی 2025، ڕافایل گرۆسی بەڕێوەبەری گشیتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی هۆشداریشی دا، هێرشکردنە سەر وێستگەی بووشێهر زۆر مەترسیدار دەبێت، چونکە هەزار کیلۆگرام ماددەی ناوەکی تێدایە، بۆیە هۆشداری دەدەم کە نابێت هێرشبکرێتە سەر ئەو وێستگەیە، چونکە تیشکێکی زۆر بە نێو ژینگە بڵاو دەبێتەوە. گوتیشی: دوو وێستگەی دابینکردنی کارەبا بۆ ئەو بنکەیە، بۆردومان کراون.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئەوەشی ئاماژەشی دابوو، بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی ئەو تیشکانە دەبێت هاووڵاتییان بۆ چەند سەد کیلۆمەترێک لە ناوچەکە دوور بکەونەوە، هاوکات لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی تیشکدەرەکان لە بنکەکانی دیکە، دەبێت بەشێکی زۆر لە تاران چۆڵ بکرێت.