کۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی بۆ کوردستان24: دۆخی شارەکانی ئێران بەرەو هێوربوونەوە دەچێت

محەممەد مەحموودییان، کونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی
محەممەد مەحموودییان، کونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی

کونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی، ڕایگەیاند: ئەو هێرشەی کراوەتە سەر وڵاتەکەیان دەستدرێژییە و دەبێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێگەیەک بۆ ئاگربەست بدۆزێتەوە. دەشڵێت: دۆخی شارەکانی ئێران بەرەو هێوربوونەوە دەچێت.

شەممە 21ـی حوزەیرانی 2025، محەممەد مەحموودییان، کونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: وڵاتەکەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دژی هێرشەکەی ئیسرائیل، سکاڵای تۆمار کردووە.

گوتیشی: ئەو هێرشەی کراوەتە سەر وڵاتەکەیان دەستدرێژییە و دەبێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێگەیەک بۆ ئاگربەست بدۆزێتەوە. ئاماژەی بەوەش دا، دۆخی شارەکانی ئێران بەرەو هێوربوونەوە دەچێت.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.